Accessibility links

نیوزلەندا سزاکانی سەر ڕووسیا فراوانتر دەکات


سەرۆک وەزیری نیوزلەندا جاسیندا ئاردێرن
سەرۆک وەزیری نیوزلەندا جاسیندا ئاردێرن

ڕۆژی دووشەممە حکومەتی نیوزلەندا پڕۆژە بڕیارێک پێشکەش دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی هێزەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا.

ئەگەر پڕۆژەکە پەسەند بکرێت، ئەوا ئەمە یەکەمین جار دەبێت نیوزلەندا بە تەنها سزا بەسەر وڵاتێکدا بسەپێنێت.

سەرۆک وەزیری نیوزلەندا جاسیندا ئاردێرن وتی سزاکان ڕێگە بە نیوزلەندا دەدەن سەرمایەی ڕووسییەکان لە وڵاتەکە سڕ بکەن و هەروەها دەتوانین لەڕێی سزاکانەوە لەسەر خەڵک و کۆمپانیاکانی قەدەغە بکەین نەتوانن پارە و سەرمایەکانیان لێرە بگوازنەوە بەمەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکانی وڵاتانی دیکە. هەروەها ڕێگەمان دەدات نەهێڵین کەشتیە گرانبەها و کەشتیە ئاساییەکان و فڕۆکە ڕووسییەکان بێنە ئاو و ئاسمانی وڵاتەکەوە.

هەروەها لیستێکیشی بڵاوکردەوە کە تیایدا گەشتکردنی 100 کەسی ڕووسی بۆ نیوزلەندا قەدەغە دەکات.

پێشتر نیوزلەندا تەنها لە کاتێکدا توانیویەتی سزاکان جێبەجێ بکات کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشتر سزاکانی سەپاندبێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت چونکە ڕووسیا ئەندامە لە ئەنجومەنەکەدا و دەسەڵاتی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆی هەیە دژی هەر بڕیارێک کە لە ئەنجومەنەکەدا دەردەچێت.

ئاردێرن وتی " لەکۆتاییدا ئەگەر ئەنجومەنێکی ئاسایشمان هەبووایە و لەمەی ئێستا چالاکتر بووایە ئەوا ئێستا ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە نەدەبووینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG