Accessibility links

دەیان هەزار کەس بەشداری لە مەرسیمێکدا دەکەن بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی دوو مزگەوتەکەی نیوزیلاند


دەیان هەزار کەس لەگەڵ نوێنەرانی 59 وڵات لە شاری کرایست چێرچی نیوزیلاند بەشداریـیان لە مەراسیمێکدا کرد بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی نێو دوو مزگەوتەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن کەسێکی ڕەگەزپەرستەوە هێرشیان کرایە سەر و لە ئاکامدا 50 کەس گیانیان لەدەست دا.

جاسیندا ئاردرێن سەرۆک وەزیری نیوزیلاند و سکات مۆرسن هاوتا ئوسترالیـیەکەی لە نێو بەشداربوواندا بوون. هەموو بە ماتەمینیـەوە وەستان هاوکاتی خوێندنەوەی ناوی قوربانیـیەکان.

فەرید ئەحمەد کە هاوسەرەکەی لە هێرشەکەدا گیانی لەدەست دا، وتارێکی خوێندەوە و بە ئامادەبووانی گوت "من ئاشتی هەڵدەبژێرم و لێی خۆش‌دەبم". ئەم هەڵوێستەی وەهای لە ئامادەبووان کرد چەپڵەیەکی زۆری بۆ لێبدەن.

خانم لیان داڵزیەڵ سەرۆکی شارەوانی کرایست چێرچ گوتی "ئەم کوشتنکاریـیە هێرشێک بوو لە دەژی هەموومان."

گوتیشی ئەم جۆرە کارانە کە لە ڕق و کینەوە سەرچاوەیان گرتووە ئامانج لێیان دروستکردنی ناکۆکی و فەرق و جودایـیە لە نێوانماندا، بەڵام بە پـێچەوانەوە زیاتر یەکگرتوومان دەکات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 15 ی مانگی سێ، کەسێکی ڕەگەزپەرستی سپی تەمەن 28 ساڵ بە چەکی ئۆتۆماتیکی هێرشی کردە سەر دوو مزگەوت لە شاری کرایست چێرچ. جگە لەو 50 کەسەی کوژران، 22 کەسی دیکە برینداربوون کە هێشتا لە نەخۆشخانەن، لەوانە منداڵێکی تەمەن 4 ساڵ کە برینەکانی قورسن.

XS
SM
MD
LG