Accessibility links

مانگی سووری فەڵەستین: لە پێکدادانەکانی مزگەوتی ئەل ئەقسادا 42 کەس بریندار بوون


مانگی سووری فەڵەستینیەکان وتی ڕۆژی هەینی پێکدادانێک لە نێوان پۆلیسی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکاندا لە مزگەوتی ئەل ئەقسا ڕوویدا و 42 کەس برینداربوون.

وتیشی پێکدادانەکە لە کۆتا ڕۆژی هەینی مانگی ڕەمەزاندا ڕوویدا، هیچ کام لە بریندارەکان برینەکانیان سەخت نەبووە. ئاماژەشی بەوەدا 22 کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

پۆلیسی ئیسڕائیل وتی دوای ئەوەی " تێکدەران " بەرد و یارییە ئاگرینەکانیان هەڵدەدا بەرەو ڕووی دیواری ڕۆژئاواش کە شوێنێکی پیرۆزی جووەکانە و دەکەوێتە خوارەوەی مزگەوتی ئەل ئەقسا، هێزەکانمان چوونە ناو مزگەوتەکەوە.

وتیشی ئەفسەرانی پۆلیس " ئامڕازی بڵاوەپێکردنی پشێوییەکانیان " بەکارهێناوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پشێوییەکە. شایەتحاڵان بە پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وت پۆلیس گازی فرمێسک ڕژێن و فیشەکی لاستیکییان بەکارهێناوە.

پۆلیس وتی سێ کەس دەستگیرکراون، دووانیان بەهۆی بەرد هەڵدانەوە دەستگیرکراون.
وتیشی " کاتژمێرێک دەبێت شوێنەکە ئارامە و نوێژخوێنە موسوڵمانەکان بە پارێزراوی دەچنە مزگەوتەکەوە."

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 300 فەڵەستینی لە پێکدادانەکانی مزگەوتی ئەل ئەقسادا برینداربوون.

دەستوەردانەکانی ئیسڕائیل لە شوێنەکەدا و لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا نیگەرانییەکی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت ناچارە دژی ئەندامانی گروپە ئیسلامییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بجوڵێت کە هەوڵیانداوە پشێوییەکی گەورە لە سەرانسەری ئۆرشەلیمدا بخەنەوە.

لە هەوڵێکی دیاردا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید جەختی لەوە کردەوە حکومەتی ئیسڕائیل پابەندە بە پێگەی مزگەوتەکەوە، ئەوەش بە مانای ئەوەی تەنها موسوڵمانەکان دەتوانن لەو شوێنەدا نوێژ بکەن، بەڵام جووەکانیش دەتوانن سەردانی بکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG