Accessibility links

دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا: ڕووسیا ژێرخانەکانەکانی هۆڵەندا لە دەریای باکوور دەکاتە ئامانج


دەزگای هەواڵگری سەربازی هۆڵەندا دەڵێت لەم چەند مانگەی دواییدا ڕووسیا هەوڵیداوە زانیاری هەواڵگری دەستبکەوێت بۆ تێکدانی ژێرخانە هەستیارەکانی هۆڵەندا لە دەریای باکووردا.

بەرپرسی دەزگای هەواڵگری سەربازی هۆڵەندا جەنەڕاڵ یان سویڵینس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کەشتییەکی ڕووسیا لە کێڵگەیەکی بای ناو دەریای باکوور بیندراوە، لە کاتێکدا کە کەشتییەکە هەوڵیداوە نەخشەی ژێرخانە وزەکەی هۆڵەندا بکێشێت.

گوتیشی کەشتییە ڕووسییەکە لەلایەن کەشتییە دەریاییەکان و پاسەوانی کەناری دەریای هۆڵەنداوە لە دەریای باکوور دوورخراوەتەوە، پێش ئەوەی بتوانێت هیچ کارێکی تێکدەرانە ئەنجام بدات.

سویڵینس گوتی " لەم چەند مانگەی دواییدا لایەنە ڕووسییەکانمان بینیوە هەوڵیانداوە بزانن سیستمەکانی وزە لە دەریای باکووردا چۆن کاردەکەن. ئەمە یەکەمین جارە ئەمە دەبینین."

گوتی " ڕووسیا نەخشەی ئەوە دەکێشێت چۆن کێڵگەکانی بای وڵاتەکەمان لە دەریای باکووردا کاردەکەن. زۆر گرنگی دەدەن بەوەی چۆن بتوانن زیان بە ژێرخانی وزە بگەیەنن."

دەزگای هەواڵگری سەربازی و دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوە دەدەن ژێرخانەکانی ناو دەریای وەکو کێبڵەکانی ئینتەرنێت و بۆرییەکانی گاز و کێڵگەکانی با بوونەتە ئامانجی چالاکییە تێکدەرەکانی ڕووسیا.

دەزگاکان گوتیان " ڕووسیا بە نهێنی چاودێری ئەم ژێرخانە دەکات و کۆمەڵە چالاکییەک ئەنجام دەدات کە ئاماژە بە ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەنجامدانی کارێکی تێکدەرانە."

گوتیشیان هەڕەشە شاراوەکانی ڕووسیا بۆ ئاو و پێویستییەکانی وزە لە هۆڵەندا جێی ئەوەن بیرییان لێبکرێتەوە.

ڕۆژی شەممە هۆڵەندا گوتی ژمارەیەک لە دیبلۆماتکارانی ڕووسیا لە هۆڵەندا دەردەکات، لە کاتێکدا کە ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی بەردەوام سیخوڕ دەهێنێتە هۆڵەنداوە و وەکو دیبلۆماتکار دایاندەپۆشێت.

هەروەها فەرمانیشی بە ڕووسیا کرد نێردە بازرگانییەکەی لە ئەمستردام دابخات و وتیشی کونسوڵخانەی هۆڵەنداش لە شاری سەینت پیتەرسبێرگی ڕووسیا دادەخات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG