Accessibility links

پـۆلیسی هۆڵەندا گەورەترین هەڵمەتی تاقیکردنەوەی DNA ئەنجام دەدات بۆ دۆزینەوەی بکوژێک


پـۆلیسی هۆڵەندا گەورەترین هەڵمەتی تاقیکردنەوەی DNA ی لە وڵاتەکەی دەسـتپـێکردووە، ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی بکوژی کوڕێکی نەوجەوان کە لە ساڵی 1998 لە ڕووداوێکی تەم‌ومژاوی کوژرا.

پـۆلیسی هۆڵەندا ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا گوتی لە مانگی دوو نزیکەی 21500 پـیاو لە سەرانسەری وڵاتەکە نامەیان بۆ ڕەوانەدەکرێت تاوەکو بچن خۆبەخشانە تاقیکردنەوەی جێنێتکیان بۆ بکرێت ئەوەی بە تاقیکردنەوەی (DNA) ناودێردەکرێت. دەڵێن دەرەکەوتنی ئەنجامەکان ڕەنگە نێوان 6 مانگ بۆ ساڵێک کاتی بوێت.

ڕووداوەکە بۆ شەوی 9 ی مانگی هەشتی ساڵی 1998 دەگەڕێتەوە، کاتێک نیکی ڤێرستاپـێنی تەمەن 11 ساڵ لەگەڵ کۆمەڵێک نەوجەوانی دیکەی هاوتەمەنی لە گەشتێکی هاوینەدا بوون لە دارستانێکی باشوری وڵاتەکە. لە شەوی کۆتایی گەشتەکەیان بێ سەروشوێن دەبێت و بۆ شەوی دواتر تەرمەکەی لە نزیک شوێنەکە دەدۆزرێتەوە.

ئێستا پـۆلیس هیوادارە بەم تاقیکردنەوەی جێنێتیکە وەڵامێکی دەسـتبکەوێت بۆ ئەو ئاسەوارانەی لەسەر جلەکانی نیکیدا جێماون. دەشڵێن ئەمە گەورەترین هەڵمەتی تاقیکردنەوەی جێنێتیک دەبێت کە هەتا ئێستا لە هۆڵەندا کرابێت.

کاربەدەسـتانی پـۆلیس دەڵێن هەرچەندە ئەو نەوجەوانانەی تەمەنیان خوار 18 ساڵە و ئەو پـیاوانەشی تەمەنیان سەروو 75 سـاڵە جێی گومان نین، بەڵام بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە بۆیان شیانی هەیە یارمەتی بدات لە دۆزینەوەی گومانبارەکە ئەگەربێت و خزمایەتی لەگەڵ یەکێـکیاندا هەبێت.

لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا نزیکەی 1500 کەس لەوانەی سەردانی ئەو دارستانەیان کردبوو تاقیکردنەوەی جێنێتیکیان بۆ کراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بەردەست نەکەوتووە.

جێی ئاماژەیە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو پـۆلیسی هۆڵەندا بۆ مەبەستێکی هاوشێوە تاقیکردنەوەی DNA بۆ 130 کەس ئەنجام دا و لە ئاکامدا توانی ئەو کەسە دەسـتگیربکات کە گومانبارە بە کوشتنی کچێک کە لە ساڵی 1992 لە شاری زاندامی نزیک ئەمستردام دەستدرێژی سێکسی کرابووەسەر و دواتر کوژراوە.

XS
SM
MD
LG