Accessibility links

سەرەک وەزیری هۆڵەندا بێئاگایی حکومەتەکەی ڕادەگەیەنێت لەسەر پێشانگایەکی کاریکاتێری


سەرەک وەزیری هۆڵەندا حکومەتی وڵاتەکەی خۆی بە دوور داناوە لەو پێشانگای کاریکاتێرییەی بڕیارە لەمساڵدا بکرێتەوە بۆ وێنەی کاریکاتێری موحەمەد پێغەمبەری موسڵمانان.

گیرت وێلدەرس ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا کە بە ڕوانینەکانی بۆ دژایەتیکردنی ئاینی ئیسلام ناسراوە، هەڵدەستێت بە کردنەوەی ئەو پێشناگایە.

مارک ڕوتی، سەرەک وەزیری هۆڵەندا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەییەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە وێلدەرس ئەندام نییە لە کابینەی حکومەتەکەیدا و ئەو پێشانگایەش کە وەک پێشەبڕکێیەکە بەرنامەی حکومەت نییە.

ئەم لێدوانانەی سەرەک وەزیری هۆڵەندا دوابەدوای کاردانەوە توڕە ئامێزەکانی پاکستان دێت پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو پێشانگایە کە وێلدەرس وەها بەرنامەی بۆ داناوە لە مانگی یازدەی ئەمساڵدا بکرێتەوە لە بارەگای پارتی ئازادی ئەوپەڕی ڕاستڕەو لەناو پەرلەمانی هۆڵەندادا.

دەسەڵاتدارانی پاکستان یاداشتی دیپلۆماسی خۆیان داوە وەک ناڕەزایی دەربڕین و ئەو پلانەی وێلدەرس بە سوکایەتیکردن بە ئاینی ئیسلام ناودێر دەکەن.

وێلدەرس کە بە ڕەخنە ئاگرینەکانی ناسراوە بەرامبەر ئیسلام و پێشتریش بۆتە مایەی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی دەربڕین لە نێو وڵاتانی ئیسلامیدا بەهۆی ئەو فلیمەی لەسەر ئیسلام بەرهەمی هێنابوو.

لە ئێستاشدا وێلدەرس لەژێر بارێکی قورسی ئاسایشیدایە و بەردەوام پاسەوانی دەکرێت بۆ پاراستنی ژیانی، ئەڵبەت دوابەدوای ئەو هەڕەشەی کوشتنانەی لێی کراوە.

XS
SM
MD
LG