Accessibility links

ناتانیاهو پێشوازی لە کۆنگرەکەی بەحرەین دەکات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو پێشوازی لە کۆنگرەکەی بەحرەین کرد کە ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکات سەبارەت بە ئابووری فەڵەستین و لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرچاوەیەکی نزیک وتی جەنەڕاڵێکی پێشووی ئیسڕائیل بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکات.

ناتانیاهو وتی ئیسڕائیلییەکان بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکەن کە لە 25 و 26 مانگی حەوتدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئاماژەی بە ناوی ئەو کەسانە نەدا کە بەشدار دەبن.

لە ماوەی ڕابردوودا کۆشکی سپی بڕیاریدا بەشداری بە حکومەتی ئیسڕائیل نەکات لە کۆنگرەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی فەڵەستینییەکان کۆنگرەکەیان ڕەت کردەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوە بانگهێشتی شاندێکی بازرگانی بچووکی ئیسڕائیلی کردووە.

بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکی بەشێوەیەکی فەڕمی بەشداریکردنی شاندە ئیسڕائیلییەکەیان ڕانەگەیاندووە.

ناتانیاهو وتی " کۆنگرەیەکی زۆر گرنگە کە بەمزووانە لە بەحرەین بەڕێوەدەچێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین، هەوڵێکی ئەمەریکایە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووییەکی باشتر و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە."

سەرچاوەیەکی نزیک لە لیستی ئەو کەسانەوە کە بانگهێشتی کۆنگرەکە کراون وتی یوئاف مەردخای جەنەڕاڵی پێشووی ئیسڕائیل کە پێشتر بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل بووە لەگەڵ فەڵەستین، بەشێوەیەکی بێلایەنانە بەشداری کۆنگرەکە دەکات.

ڕادیۆی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا واپێشبینی دەکرێت بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئیسڕائیل و ژمارەیەک لە چالاکەوانانی بواری کاری کۆمەڵایەتی بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن.

ئەمەریکا ئەم کۆنگرەیەی بەحرەین بە وەرشەیەکی کار دادەنێت بۆ پشتیوانیکردن لە ئابووری فەڵەستین، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپدا بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG