Accessibility links

نەتانیاهو لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسڕائیل لەسەر لێواری ڕێککەوتنێکی مێژووییە لەگەڵ سعودیەدا


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

ڕۆژی هەینی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە میانەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئیسڕائیل "لەسەر لێواری" ڕێککەوتنێکی ئاشتی مێژووییە لەگەڵ سعودیەدا.

نەتانیاهو لە وتارە 25 خولەکییەکەیدا بە تۆنێکی گەشبینانە قسەی دەکرد، نەخشەیەکی پیشاندا کە ئیسڕائیلی دەردەخست لەو کاتەدا کە لە ساڵی 1948 دا دامەزرا و پەراوێزخرابوو، هەروەها شەش وڵاتی دیکەش کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردەوە، چوار وڵاتییان لە ساڵی 2020 دا بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردەوە.

نەتانیاهو وتی "هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم مژدەی سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێی ئاشتییاندا. بەڵام باوەڕم وایە ئێمە لەسەر لێواری ڕێککەوتنێکی دراماتیکیترداین، ئاشتییەکی مێژوویی لە نێوان ئیسڕائیل و سعودیەدا. ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و سعودیەدا بە ڕاستی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دروست دەکات."

جێی ئاماژەیە، چەندین بەربەست هەن لەبەردەم ڕێککەوتنێکی لەوجۆرەدا، لەوانەش داواکانی سعودیە بۆ بەرەوپێشچوون لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا، کە حکومەتەکەی ئیسڕائیل ئەوە ڕەت دەکاتەوە. سعودییەکان هەوڵی ڕێککەوتنێکی بەرگریش دەدەن لەگەڵ ئەمەریکادا و یارمەتییان دەوێت لە بونیادنانی بەرنامەیەکی سڤیلی ئەتۆمی تایبەت بە خۆیاندا.

لەم هەفتەیەدا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز وتی دوو لایەنەکە نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتنێک، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی کە ئەمەریکا سەرپەرشتییان دەکات. هەروەها هیچ وردەکارییەکەشی نەدا لەسەر ئەوەی سعودییەکان هەوڵی چی دەدەن بۆ فەڵەستینییەکان.

نەتانیاهو وتی "فەڵەستینییەکان دەکرێت بە شێوەیەکی بەرچاو سوود لە ئاشتییەکی بەرفراوانتر وەربگرن."

وتی "پێویستە ئەوانیش بەشێک بن لێی، بەڵام نابێت دژی بوەستنەوە."

سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس لە میانەی وتارەکەیدا لە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەسەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان ئیسڕائیل و سعودیەدا. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان دەبێت سەنگی هەموو شتەکان بن، ململانێکانیش لە دوای ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمەوە خراپتر بوون.

مەحمود عەباس وتی " ئەوانەی پێیان وایە کە دەکرێت ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەوێتەوە بەبێ ئەوەی گەلی فەڵەستین چێژ لە مافە ڕەوا نیشتیمانییەکانییان وەربگرن هەڵەن."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG