سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو دووبارە جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە سەبارەت بە پشتیوانیکردنی سەرۆک ترامپ لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنکارییەکانی ئێراندا، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران.
ناتانیاهو لە ئاهەنگی ساڵیادی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم وتی " پێویستە لەسەر ئیسڕائیل و هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە و هەموو ئەو وڵاتانەی کە هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەن لە جیهاندا لە پاڵ ئەمەریکادا بوەستن دژی دوژمنکارییەکانی ئێران،"
جێی ئاماژەیە چەند ڕۆژێک دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، ئەمەریکا باڵیۆزخانەکەی خۆی لە تەل ئەڤیڤەوە گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم، ئیسڕائیلیش پێشوازیی لەم هەنگاوەی ئەمەریکا کرد.
ڕۆژی سێشەممە ناتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێویستە بەردەوام بین لە بەهێزکردنی ئیسڕائیل و بەردەوام بین لە توندکردنەوەی هاوپەیمانێتیە گرنگەکەمان لەگەڵ ئەمەریکادا."
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهوش لەکاتێکدا هات کە ئەمەریکا کۆمەڵێک کەشتی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکەی بۆمب هاوێژی ڕەوانەی کەنداو کرد بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران.
بەڵام سەرەڕای زیادبوونی گرژییەکان، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە نایانەوێت بچنە جەنگەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس