Accessibility links

ناتانیاهو پێشبینی دەکات وڵاتانی ئەوروپی دان بنێن بە قودسدا وەکو پایتەختی ئیسڕائیل


بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی کردوو و وتی چاوەڕێی ئەوە دەکات وڵاتانی ئەوروپاش بە هەمان شێوەی ئەمەریکا دان بنێن بە قودسدا وەکو پایتەختی ئیسڕائیل.

پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل، ناتانیاهو وتی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ، کە فەڵەستینییەکان و حکومەتەکانی ئەوروپا سەرکۆنەیان کرد، هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ئەرکەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. داواشی لە فەڵەستینییەکان کرد وەکو وڵاتێکی جولەکە دان بنێن بە ئیسڕائیلدا و هەروەها دان بنێن بە قودسدا وەکو پایتەختی ئیسڕائیل.

پێش ئەوە بە چەند خولەکێک بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی بە ڕۆژنامەنووسانی وت یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بە یەکگرتوویی بیروڕا نێودەوڵەتییەکانەوە هەتاوەکوو پێگەی قودس یەکلایی دەبێتەوە.

هەروەها وتیشی " ئێمە باوەڕمان وایە تەنها چارەسەری ڕاستەقینە بۆ ناکۆکیەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستین چارەسەری دوو دەوڵەتیە و ئەوەیە کە دەبێت قودس پایتەختی هەردوو وڵاتی فەڵەستین و ئیسڕائیل بێت."

جێی ئاماژەیە لە دوای 22 ساڵ ئەمە یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیلە بۆ یەکێتی ئەوروپا.

XS
SM
MD
LG