سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وەڵامی ئەو خۆپیشاندانانەی دایەوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن و بە تۆمەتی لەناوبردنی دیموکراسی تۆمەتباری کردن، هەروەها ڕەخنەی لە ڕاگەیاندنەکانیش گرت لەسەر ئەوەی هانی خۆپیشاندانەکان دەدەن.
هەزاران کەس لە هاوڵاتیانی ئیسڕائیل ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ناتانیاهو و خراپی باری ئابوورییان ناڕەزاییان دەربڕی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی گشتی وڵاتەکەوە دروست بووە.
ناتانیاهو لە میانەی کۆبوونەوەیەکی هەفتانەی حکومەتدا ڕەخنەی لە خۆپیشاندانەکان و ڕاگەیاندنەکان گرت و وتی خۆپیشاندەران وادەزانن ئەو هەوڵانەی دەیدەن بۆ " پاراستنی دیموکراسییە لە ئیسڕائیل، بەڵام من وەکو لەناوبردنی دیموکراسی دەیبینم."
وتیشی " ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە هان دەدرێن و بیرم نایات پێشتر شتی لەم شێوەیەم بینیبێت."
هەر سەبارەت بە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئیسڕائیل ناتانیاهو وتی " ئەوان ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان ناکەن بەڵکو بەشداری تیادا دەکەن و هانی دەدەن."
لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز کە ڕکابەری پێشووی ناتانیاهو بوو و لە ئێستادا ڕێکەوتوون لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوانیاندا پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان کرد و وتی " مافی خۆپیشاندان دەماری ژیانی دیموکراسیەتە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز