Accessibility links

سەرۆکی ئیسڕائیل نەتانیاهو ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ


سەرۆکی ئیسڕائیل ڕیئۆڤین ڕێڤلین سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بنیامین نەتانیاهوی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە، ئەمە لەکاتێکدایە نەتانیاهو بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبارکراوە و دادگایی دەکرێت.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چوار هەڵبژاردن لە ئیسڕائیل بەڕێوەچووە، دوایەمین هەڵبژاردن لە 23ی مانگی سێدا بەڕێوەچوو و هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی دیکە ئەنجامەکان یەکلاکەرەوە نەبوون و هیچ کاندیدێک نەیتوانی زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمانی ئیسڕائیل بەدەست بهێنێت.

ڕێڤلین لە لێدوانێکدا وتی " بڕیاری خۆمداوە و بەپێی ئەو ڕاوێژانەی پێم دراوە نەتانیاهو هەلێکی زیاتری هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت."

لە ماوەی ڕابردوودا بەمەبەستی تاوتوێکردنی دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل، سەرۆکی ئیسڕائیل لەگەڵ ڕابەرانی حیزبە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا کۆبۆوە.

نەتانیاهو کە ماوەی 12 ساڵە لەو پۆستەدا بەردەوامە، پشتیوانی 52 نوێنەری بەدەستهێنا، لەوانەش 30 نوێنەریان سەر بە حیزبی لیکۆد بوون، هەروەها لەلایەن حیزبە جووە توندڕەوەکان و هاوپەیمانی سەهیۆنی ئاینییەوە پشتیوانی لێکرا.

سەرۆکی ئیسڕائیل ئاماژەشی بەوەدا بڕیارێکی قورسی داوە و وتی " بڕیارەکە ئاسان نەبوو بۆ من بەتایبەتی لەڕووی مەعنەوی و ئەخلاقییەوە، دەزانم سەرۆک نابێت کەسێک ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت کە ئەو کەسە تۆمەتی ئاڕاستە کرابێت، بەڵام بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا، سەرۆک وەزیر دەتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکەی تاوەکو تۆمەتەکانی بەسەردا دەسەپێندرێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG