Accessibility links

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا پوتن بە " شێت " ناودێر دەکات و داوای خۆپیشاندانی دژ بە جەنگ دەکات


ئالێکسی ناڤاڵنی
ئالێکسی ناڤاڵنی

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی کە ئێستا لە زینداندایە، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنی بە " شێت " ناودێر کرد و داوای لە هاوڵاتیانی ڕووسی کرد ڕۆژانە خۆپیشاندان دژی داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا ئەنجام بدەن.

ناڤاڵنی داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانی کرد لە ناوخۆی ڕووسیا و دەرەوەش، ئەوەش لەپێناو ئەوەی پیشانی بدەن کە هەموو ڕووسییەکان پشتیوانی لە جەنگ ناکەن، هەروەها داوایکرد هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو هەزاران هاوڵاتیە دەرببڕن کە لە خۆپیشاندانەکانی دژە جەنگدا لە ڕووسیا دەستگیرکراون.

ناڤاڵنی لە بەیاننامەیەکدا کە وتەبێژەکەی لە تویتەر بڵاویکردۆتەوە دەڵێت " چیتر ناتوانین تەنانەت بۆ ڕۆژێکی دیکە چاوەڕێ بکەین. هەر کەسێکیت، لە ڕووسیایت یاخود بێلاڕووس یاخود لەوپەڕی دنیا، ڕۆژانە بچۆ دەرەوە و بڕۆ بۆ گۆڕەپانی سەرەکی شارەکەت و هەموو ڕۆژێک لە پشوو و کۆتایی هەفتەکانیشدا خۆپیشاندان ئەنجام بدە. "

ناڤاڵنی وتی ڕووسیا ویستوویەتی ببێتە وڵاتێکی ئاشتیخواز، بەڵام لە ئێستادا زۆر کەم خەڵک هەیە بەو شێوەیە ناودێری بکات.

وتی " با هیچ نەبێت نەبین بە وڵاتی خەڵکێکی ترساو و بێدەنگ. وڵاتێکی ترسنۆکەکان کە واپیشانی دەدەن ئەو جەنگە دوژمنکارییەی دژی ئۆکرانیا نابینن کە لەلایەن شێتەکەی خۆمانەوە هەڵگیرساوە."

وتی " من خەڵکی یەکێتی سۆڤیەتم. لەوێ لە دایک بووم. گرنگترین ڕستە کە لە منداڵیمەوە فێر کراوین ئەمە بووە ( شەڕ بۆ ئاشتی بکە.) لەبەر ئەوە داوا لە هەمووان دەکەم بێنە دەرەوە و بچنە سەر شەقامەکان و شەڕ بۆ ئاشتی بکەن. پوتن ڕووسیا نیە."

ساڵی ڕابردوو دوابەدوای چارەسەرکردنی لە ئەڵمانیا و گەڕانەوەی بۆ ڕووسیا، ناڤاڵنی کە ڕکابەری سەرەکی پوتنە دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە. پشکنینی تاقیگەکانی ڕۆژئاوا دەریانخست کە ناڤاڵنی لە سایبیریا ژەهراوی خوارد کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە نەخۆشخانەیەک لە ئەڵمانیا چارەسەری وەرگرت.

بەپێی ڕێکخراوی چاودێری ئۆ ڤی دی، نزیکەی 6840 کەس لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە جەنگدا لە ڕووسیا دەستبەسەرکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG