پەرلەمانی ئەوروپا باڵاترین خەڵاتی یەکێتی ئەوروپای بەخشیە ڕابەری زیندانیکراوی ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی، لەسەر ئەوەی ڕەخنەی ئاڕاستەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن کردووە لەسەر چۆنێتی فەرمانڕەواییکردنی وڵاتەکە.
پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند ئالێکسی ناڤاڵنی خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئازادی بیرکردنەوە وەرگرتووە. خەڵاتەکە بە ناوی ئاندرێی ساخارۆڤەوە ناونراوە کە بیروڕای جیاواز بووە لە یەکێتی سۆڤیەت.
پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیاندنەکەیاندا ڕەخنەیان لە پوتن گرت و داوایان کرد ناڤاڵنی لە زیندان ئازاد بکرێت.
لە تویتێکدا دەڵێن " جەنابی پوتن، ئالێکسی ناڤاڵنی ئازاد بکە. ئەوروپا داوای ئازادی بۆ ئەو و سەرجەم زیندانیە سیاسییەکان دەکات."
ناڤاڵنی تەمەن 45 ساڵ لە ئێستادا سزای دوو ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. بەرپرسانی ڕوسیا دەڵێن ناڤاڵنی پەیمانی ئازادکردنەکەی ساڵی 2014 ی شکاندووە. دادگا دەڵێت کاتێک گواستراوەتەوە بۆ ئەڵمانیا پێشتر بەرپرسانی ڕوسیای ئاگادار نەکردۆتەوە لەسەر شوینەکەی. ناڤاڵنی بەهۆی ئەوەی ژەهراویکرا، ماوەی پێنج مانگ لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا چارەسەری وەردەگرت.
کاتێک گەڕایەوە بۆ ڕوسیا، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ناڤاڵنی دەستگیرکرا. شارەزایانی تەندروستی ئەوروپا دەڵێن ناڤاڵنی بە ماددەی نۆڤیچۆک ژەهراویکراوە. نۆڤیچۆک ماددەیەکە کە لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا بەکاردەهات.
یەکێتی ئەوروپا سزای سەپاندووە بەسەر ڕابەرانی ڕوسیادا لەسەر ژەهراویکردنی ناڤاڵنی و زیندانیکردنی. کرێملنیش بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە ژەهراویکردنەکەدا. هەروەها ڕەخنەی لە یەکێتی ئەوروپا گرتووە و دەڵێت یەکێتیەکە دەست وەردەدەنە کاروباری ناوخۆی ڕوسیاوە.
خەڵاتی ساخارۆڤ کە نرخەکەی دەگاتە 59,000 دۆلار، لەمیانەی مەراسیمێکدا لە مانگی دوانزە لە فەڕەنسا دەبەخشرێت. لە ڕابردوودا سەرۆکی ئەفریقای باشوور نیڵسن ماندێلا و چالاکەوانی خوێندن مالالا یوسفزای پاکستانی و ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتی ڤەنزوێلا ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە.
کاندیدەکانی ئەم ساڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، کۆمەڵێک ئافرەتی ئەفغانی و سیاسەتمەداری زیندانیکراوی بۆلیڤیا و سەرۆکی کاتی پێشوو جییان ئانێزی لەخۆدەگرت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا