Accessibility links

کەشتییە جەنگییەکانی ناتۆ بەمەبەستی مەشقکردن دەگەنە بەندەرێکی فینلەندا


کەشتییە جەنگییەکانی ناتۆ لە بەندەری تورکۆی فینلەندا
کەشتییە جەنگییەکانی ناتۆ لە بەندەری تورکۆی فینلەندا

ڕۆژی دووشەممە سێ کەشتی جەنگی هاوپەیمانێتی ناتۆ گەیشتنە بەندەری تورکۆی باشووری ڕۆژئاوای فینلەندا، ئەمەش بەمەبەستی مەشقکردن لەگەڵ هێزی دەریایی فینلەندادا. هاوکات فینلەندا تاوتوێی ئەگەری چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا لەگەڵ ڕووسیا.

وەزارەتی بەرگری فینلەندا لە بەیاننامەیەکدا وتی کەشتی جەنگی LVNS ڤێرساتیسی لاتیڤی و کەشتی جەنگی ENS ساکالای ئیستۆنی و HNLMS ی هۆڵەندی لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی کەناراوەکانی فینلەندادا مەشق دەکەن.

بەیاننامەکە وتی مەشقەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە 28 ی مانگی چواردا دەستپێدەکات، ئەم مەشقە کەشتیە جەنگییەکانی فینلەندا ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە مەشقەکانی هێزەکانی وەڵامدانەوەی ناتۆدا بکەن لە ساڵی 2022 دا و سەنگ بخەنە سەر " ڕێوشوێنە دەریاییەکان و کارکردن لە چواچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا."

لە 13 ی مانگی چواردا سەرۆک وەزیری فینلەندا سانا مارین وتی وڵاتەکەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا یاخود نا، ڕووسیاش وەڵامێکی توندی ئەمەی دایەوە.

فینلەندا و سوید هاوبەشی نزیکی هاوپەیمانێتی ناتۆن، بەڵام تاوەکو ئێستا خۆیان بەدوور گرتووە لە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتیە 30 وڵاتییەکە کە لە ساڵی 1949 دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکێتی سۆڤییەت لە جەنگی سارددا دامەزرا.

مارین وتی پرسی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت زۆر بە وریاییەوە شیکاری بۆ بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، هەمووشتەکان گۆڕان. جێی ئاماژەیە فینلەندا 1300 کیلۆمەتر سنووری وشکانی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG