Accessibility links

ستۆڵتنبێرگ: ژمارەی ئەو هێزانەی ناتۆ کە لە ئامادەباشیدان زیاد دەکرێن بۆ 300,000 سەرباز


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ گوتی هاوپەیمانێتیەکە ژمارەی ئەو سەربازانەی کە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان زیاد دەکات بۆ 300,000 سەرباز، ئەمەش حەوت هێندەی ژمارەی ئەو هێزانەیەتی کە ئێستا لە ئامادەباشیدا دایناون.

هاوپەیمانێتییەکە ئامادەکاری دەکات بۆ پەیڕەویکردنی ستراتیژییەکی نوێ و دەڵێت مۆسکۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هاوپەیمانێتییەکە.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووە هۆی گۆڕانکاری گەورەی جیۆسیاسیی لە ڕۆژئاوادا، سوید و فینلەندای بێلایەنی ناچار کرد داوای ئەندامێتی بکەن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و ئۆکرانیاش کاندید کراوە بۆ چوونە پاڵ یەکێتی ئەوروپا.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە بڕۆکسل وتی " ڕووسیا دوورکەوتۆتەوە لە هاوبەشی و گفتوگۆکردن کە ناتۆ چەند ساڵێکی زۆر هەوڵیدا لەگەڵ ڕووسیادا بونیادییان بنێت."

ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوان ڕووبەڕووبوونەوەیان لە جیاتی گفتوگۆکردن هەڵبژارد. ئێمە بەداخەوەین بۆ ئەوە، بەڵام بێگومان دەبێت وەڵامی ئەو ڕاستییە بدەینەوە."

بڕیارە ڕابەرانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە 28 بۆ 30 مانگی شەشدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کۆببنەوە.

گوتیشی " ناتۆ لە داهاتوودا زیاتر لە 300,000 هەزار سەربازیی دەبێت کە سەرجەمییان لە ئامادەباشیدا دەبن." لە ئێستادا ژمارەی ئەو هێزانەی ناتۆ کە لە ئامادەباشیدان 40,000 سەربازن و یەکەی هێزی کاردانەوەی خێرای ناتۆ پێکدەهێنن.

ستۆڵتنبێرگ گوتی هێزە شەڕکەرەکانی ناتۆ لە بەرەکانی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتییەکە کە نزیکن لە ڕووسیاوە، بەتایبەتی وڵاتانی باڵتیک، بەرزدەکرێنەوە بۆ ئاستی لیواکان، هەزاران سەربازی دیکەش کە وەکو هێزی پشتیوانی بەپەلە داندراون لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا لە ئامادەباشیدان.

گوتی " لە جەنگی ساردەوە تاوەکو ئێستا ئەمە گەورەترین بەرگریی هاوبەشی هاوپەیمانێتییەکەیە."

لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا، هاوپەیمانێتیەکە زمانی خۆی بەرامبەر ڕووسیا دەگۆڕێت، لە کۆبوونەوەکەی ساڵی 2010 دا ڕووسیای وەکو هاوبەشێکی ستراتیژی ناوبرد.

ستۆڵتنبێرگ گوتی " پێشبینی دەکەم هاوپەیمانان بەڕوون و ئاشکرا ڕایبگەیەنن کە ڕووسیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشمان، بۆ سەر بەهاکانمان، بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانیش."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG