ڕۆژی چوارشەممە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕووسیای بە گەورەترین " هەڕەشەی ڕاستەوخۆ " بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژئاوا لە قەڵەمدا، هەروەها ڕێکەوتن لەسەر کۆمەڵێک پلان بۆ نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا و گوتی " هێزەکانی ئۆکرانیا بەتەواوەتی لەپشت ئۆکرانییەکاندا وەستان و پاڵەوانانە بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کردووە."
لە کاتێکدا ڕابەرانی 30 وڵاتەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە مەدرید کۆبوونەوە، هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکانیان لە ئۆکرانیا چڕتر کردەوە، لەوانەش ئەنجامدانی هێرشی موشەکی و بۆردومانکردنی هەرێمی میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا.
سەرۆکی شارەوانی شاری میکۆلایڤ وتی موشەکەکانی ڕووسیا بوونەتە هۆی کوژرانی لانی کەم پێنج هاوڵاتی مەدەنی لە بینایەکی نیشتەجێبوون لە شارەکەدا، هاوکات مۆسکۆ وتی هێزەکانیان لە " بنکەیەکی مەشقی بەکرێگیراوە بیانییەکانیان " داوە لە هەرێمەکەدا.
فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا گوتی لە شاری لیسیچانسک شەڕ لە هەموو شوێنەکانەوە هەیە، ڕووسیاش دەیەوێت گەمارۆی شارەکە بدات لەکاتێکدا وردە وردە پێشڕەوی دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە ڕابەرانی هاوپەیمانێتی ناتۆی وت کیێڤ بەپەلە پێویستی بە چەک و پارەی زیاتر هەیە، هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی کرێملن بە ئۆکرانیاوە ناوەستێتەوە.
ڕابەرانی ناتۆ ڕێکەوتن لەسەر پێدانی یارمەتی سەربازی و ئابووری بە ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، هەروەها نوێکردنەوەی هێزە سەربازییەکەی ئەو وڵاتە.
زێلێنسکی گوتی ئۆکرانیا مانگانە پێویستی بە 5 ملیار دۆلار هەیە بۆ بەرگری و پاراستن.
گوتی " ئەمە جەنگێک نیە لەلایەن ڕووسیاوە تەنها دژی ئۆکرانیا هەڵگیرسابێت. ئەمە جەنگی ڕەواییدانە بە داگیرکردن لە ئەوروپادا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ناتۆ دەڵێت یارمەتی سەربازی ئۆکرانیای ' پاڵەوان ' دەدات
