Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت سوید ' هەنگاوی گرنگی ' گرتۆتەبەر بۆ جێبەجێکردنی داواکانی تورکیا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لەمیانەی سەردانەکەی ڕۆژی دووشەممەدا بۆ سوید وتی سوید هەنگاوی گرنگی گرتۆتەبەر بۆ جێبەجێکردنی داواکانی تورکیا تاوەکو ئەو وڵاتە ڕازی ببێت بە داواکەی سوید بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە.

مانگی ڕابردوو وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام تورکیا دژایەتی ئەو بابەتە دەکات و دەڵێت سوید پشتیوانی لەو هێزە کوردییانە دەکات کە ئەنقەرە بە تیرۆریست ناوییان دەبات، هەروەها دەڵێت سوید مۆڵەتەکانی هەناردەکردنی چەکی بۆ تورکیا ڕاگرتووە و چەک نانێرێت بۆ تورکیا.

ستۆڵتنبێرگ لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسندا وتی " پێشوازی لەوە دەکەم کە سوید دەستیکردووە بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە یاساکەیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها ئەوەش کە سوید دڵنیا دەبێتەوە لەوەی چوارچێوە یاساییەکەی هەناردەکردنی چەک ڕەنگدانەوەی دۆخی داهاتووی سوید دەبێت وەکو ئەندامێکی ناتۆ و بەرپرسیارێتییە نوێیەکانی بەرامبەر هاوپەیمانان."

سەرۆک وەزیری سوید وتی سوید یاساکانی تیرۆری وڵاتەکە دەگۆڕێت و ئێستا لە پڕۆسەی توندکردنەوەی یاساکاندایە.

ماگدالینا ئاندەرسن وتی " لە یەکی مانگی حەوتەوە یاسای توندترمان دەبێت دژی تیرۆر. لەبەرئەوە لێرەدا هیچ گومانێک نیە سەبارەت بەوەی سوید چەند بەجددی مامەڵە لەگەڵ تیرۆردا دەکات و ئامادەشین یارمەتیدەر بین لە شەڕی دژ بە تیرۆردا."

ستۆڵتنبێرگ وتی ئامانجەکە ئەوەیە " بەزووترین کات " سوید و فینلەندا بهێنینە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا بە بیرکردنەوەدا نایەت ئەگەر سوید هێرشی بکرێتە سەر و هاوپەیمانانی ناتۆ بەرگری لێنەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG