Accessibility links

سکرتێری ناتۆ: نامانەوێت پـێشبڕکێـیەکی نوێی چەک دەستپـێبکات


سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت ڕێکخراوەکەیان نایەوێت پـێشبڕکێـیەکی نوێی چەک دەستپـێبکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە پەیماننامەی INF کشایەوە، ئەوەی لە ساڵی 1987 مۆرکرابوو بە ئامانجی کەمکردنەوەی موشەکە ناوکییە مامناوەندییەکان لە عەمبارەکانی هەردوو وڵات لە ئەوروپا.

یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمڕۆ هەینی ئەم نیگەرانیـیەی دەربڕی پاش ئەوەی مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە بانکۆکە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەک، گوتی " لە ئەمڕۆوە ئەمەریکا لە پەیماننامەکە کشایەوە." گوتیشی ڕووسیا تاکە لایەنی بەرپـرسە لە کۆتایی‌هێنان بە پەیماننامەکە، بەو پـێـیەی پابەندی نەبووە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد پابەند نەبوونی ڕووسیا جێی هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیـیە باڵاکانی ئەمەریکا.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لای خۆیەوە گوتی بە دەستپـێشخەری ئەمەریکا، کۆتایی‌هات بەو پەیماننامەیەی لە 8 ی مانگی دوازدەی ساڵی 1987 لە نێوان یەکێتی سۆڤێت و ئەمەریکا مۆرکرا.

سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی تاسی وڵاتەکەی وت پـێشنیاریان بۆ ئەمەریکا و ئەندامانی دیکەی ناتۆ کردووە بڵاوکردنەوەی موشەکی مەودا مامناوەندی ڕابگرن. گوتی ئەو ڕاگرتنە هاوشێوەی ئەوە دەبێت کە ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا گوتبوی ئەگەر بێت و ئەمەریکا ئەو موشەکانە لە هەندێک ناوچە دانەنێت، ئەوا ڕووسیاش ئەو کارە ناکات.

سەرۆک ترامپ لە 1 ی مانگی دوو بڕیاری دا کارکردن بە پەیماننامەی INF ڕابگیرێت، چونکە مۆسکۆ بە نهێنی پەرە بە سیستەمی موشەکی خۆی دەدات، ئەمەش جێی هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمەریکا لە دەرەوە. گوتیشی لە پاش شەش مانگی دیکە ئەمەریکا بە تەواوی لێی دەکشێتەوە.

XS
SM
MD
LG