Accessibility links

وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ناتۆ تاوتوێی ئەفغانستان و ڕوسیا دەکەن


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری بەرگری ڕۆمانیا نیکۆلای چویکا
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری بەرگری ڕۆمانیا نیکۆلای چویکا

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە ئێستادا لە بڕۆکسلەوە و ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا کۆدەبێتەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی کێشە ئەمنیەکانی ئەفغانستان و گرژییەکانە لەگەڵ ڕوسیادا.

ئۆستن لە تویتێکدا دەڵێت " من لێرەم تاوەکو کۆکبوونی سەربازیی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو پێشەوە بەرم، هەروەها دڵنیا ببمەوە لەوەی هاوپەیمانێتیەکە ئامادەیە بۆ بەرەنگارییەکانی داهاتوو."

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە تاوتوێی ئەوە دەکەن چۆن ڕێگە نەدەن ئەفغانستان دووبارە ببێتەوە بە پەناگەیەکی پارێزراو بۆ تیرۆریستان، هەروەها دڵنیا ببنەوە لەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە لە ئەفغانستان گواستراونەتەوە بتوانن لە وڵاتانی هاوپەیمانێتیەکەدا جێیان ببێتەوە و چیتر لەو ناوەندانە نەمێننەوە کە گواستراونەتەوە بۆیان.

ستۆڵتنبێرگ بەر لە کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەپەلەترین ئەرکی ناتۆ کە لەبەردەمماندایە ئەوەیە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ئەفغانیانە دابین بکەین کە کارییان لەگەڵدا کردووین. وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و هاوبەشەکانی ناتۆ توانیویانە زیاتر لە 120,000 کەس لە ئەفغانستان بهێننە دەرەوە، زۆرینەیان ئەفغانی بوون. هێشتا کاردەکەین لەسەر ئەوەی چۆن خەڵکی زیاتر بهێنینە دەرەوە."

ئۆستن لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی ڕۆمانیا و جۆرجیا و ئۆکرانیای کرد، ئۆکرانیا و جۆرجیا دەیانەوێت ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و بەشێکی وڵاتەکانیان لەلایەن ڕوسیا و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ڕوسیاوە دەستی بەسەرداگیراوە.

گرژییەکانی نێوان هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕوسیا زیادیکردووە، ڕۆژی دووشەممە ڕوسیا ڕایگەیاند ئەرکە هەمیشەییەکەی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕادەگرێت، ئەوەش وەکو وەڵامێک بوو بۆ دەرکردنی هەشت دیبلۆماتکاری ڕوسی لە ئەرکەکەی ڕوسیادا لەلایەن هاوپەیمانێتیەکەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG