Accessibility links

ناتۆ: سزاکان بەربەستیان لەبەردەم توانای ڕووسیا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو دروستکردووە


ڕاوێژکارێکی سەربازیی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕۆیتەرز دەڵێت سزاکانی ڕۆژئاوا خەریکە زیان دەگەیەنن بە توانای ڕووسیا بۆ بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو بۆ جەنگەکەی ئۆکرانیا. بەڵام ئەوەشی خستەڕوو کە ڕەنگە پیشەسازی ڕووسیا هێشتا بتوانێت " تەقەمەنییەکی زۆر " بەرهەم بهێنێت.

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە کۆمەڵێک سزای ئابووری توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا، یەکێک لە سزاکان قەدەغەکردنی فرۆشتنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووە بە ڕووسیا.

ئەدمیڕاڵ ڕۆب باوەری هۆڵەندی کە سەرکردایەتی لیژنەی سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی " سزاکان بەربەستی زیاتر و زیاترییان لەبەردەمیاندا دروست کردووە چونکە هەندێک لەو پێکهاتانەی کە پێویستییانە بۆ دروستکردنی سیستمی چەکەکان لە پیشەسازییەکانی ڕۆژئاواوە دەستیان دەکەوێت."

گوتی " ئێستا یەکەمین نیشانە جددییەکان دەبینین لەسەر ئەوەی لەڕووی توانای بەرهەمهێنانیانەوە بەربەستییان لەبەردەمدا دروست بووە، بۆ نموونە گۆڕینی موشەکی کروز و چەکی پێشکەوتووتر."

ڕۆژی سێشەممە بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ وتی لەدەستدانی تەکنەلۆجیاکان بەهۆی سزاکانی یەکێتی ئەوروپاوە زیانێکی گەورەی بە تواناکانی مۆسکۆ گەیاندووە بۆ پاراستنی بەرهەمهێنانی چەکەکان.

باوەر پێش کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەی ڕابەرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی " ئەوەندەی ئێمە بزانین ڕووسییەکان هێشتا بنچینەیەکی پیشەسازییان هەیە و دەتوانن تەقەمەنییەکی زۆر بەرهەم بهێنن. هێشتا تەقەمەنییەکی زۆریشیان هەیە."

باوەر گوتیشی نزیکەی لە سەدا 85 ی سەربازانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن، ئەوەش توانای ڕووسیا بۆ فراوانکردنی بوونە سەربازییەکەی سنووردار دەکات.

باوەر گوتی " ژمارەیەکی کەم لە سەربازی نوێ دەبینین. یەک شت کە دڵنیاین لێی ئەوەیە ئاستی مەشقی ئەو سەربازانە زۆر بەرز نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG