وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دوابەدوای دەربڕینی هاوسۆزییان دژی دوژمنکارییەکانی ڕوسیا بەرامبەر ئۆکرانیا، کۆتایی بە دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکانیان دەهێنن لە لاتیڤیا، لە کۆبوونەوەکاندا جەختیان لە ڕەوشی ئۆکرانیا و جۆرجیا و ئەفغانستان کردۆتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا داوای لە ناتۆ کرد پەیڕەوی ستراتیژییەک بکات بۆ دانانی بەربەست لەبەردەم ڕوسیادا، لەوانەش ئامادەکردنی سزای ئابووری و زیادکردنی پشتیوانیە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا.
کولیبا وتی " ئێمە دڵنیاین لەوەی ئەگەر هەوڵەکانمان یەکبخەین، ئەگەر بە هەماهەنگی کارەکان بکەین، دەتوانین بەربەست بخەینە بەردەم سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و ناچاری بکەین خراپترین سیناریۆ هەڵنەبژێرێت، کە ئەوەش ئەرکی سەربازییە."
وەزیری دەرەوەی دانیمارک یێپێ کۆفۆد لەکاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەکەی ناتۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هەر ئەرکێکی سەربازیی کە سەروەری خاکی ئۆکرانیا پێشێل بکات ڕووبەڕووی " دەرەنجامی توند " دەبێتەوە و دانیمارک ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە سەپاندنی سزای " قورسدا."
سەبارەت بە جموجۆڵەکانی هێزەکانی ڕوسیا لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیچ ڕوونییەک نیە سەبارەت بەوەی بەدیاریکراویی ڕوسیا بەنیازی چیە."
وتیشی " دەتوانین قسە لەسەر ئەوە بکەیت ئەگەری داگیرکردن لە سەدا 20 بێت یاخود 80 ، گرنگ نیە. دەبێت خۆمان بۆ خراپتر ئامادە بکەین."
لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریدایە ڕوسیا و وتی " هەر دوژمنکارییەکی نوێ دژی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی کەوتنەوەی دەرەنجامی گەورە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا