Accessibility links

فەرماندەی ناتۆ لە ئەوروپا: لەم زووانە مەشق و ڕاهێنانی هێزە عێراقیـیەکان دەستپـێدەکرێتەوە


فەرماندەی باڵای ناتۆ لە ئەوروپا دەڵێت لەم زووانە دەستدەکەنەوە بە مەشق ‌و ڕاهێنانی هێزە عێراقیـیەکان، ئەمەش پاش ئەوەی لە سەرەتای مانگی یەکەوە ڕاگیران لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پـێشووی هێزی قودسی ئێران.

جەنەڕاڵی ئەمەریکایی تاد وڵتەرز ئەمڕۆ هەینی لە پەراوێزی کۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش گوتی تیمەکەی ناتۆ کە کەنەدا ڕێبەرایەتی دەکات و لە 500 کەس پـێکهاتووە، ڕەزامەندی بەغدایان وەرگرتووە بۆ دەستپـێکردنەوەی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان.

گوتیشی لە پاش ئەو وەڵامە ئەرێنیـیە لەلایەن عێراقەوە لە 36 کاتژمێری ڕابردوو، ناتۆ دەستدەکاتەوە بە ئەرکەکەی لە عێراق. بەڵام گوتیشی لەوانەیە چەند ڕۆژێکی دیکە دەسـتپـێبکات و لەوانەشە چەند هەفتەیەکی دیکە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 4 ی مانگی یەک، ناتۆ مەشق و ڕاهێنانی هێزە عێراقیـیەکانی ڕاگرت و ژمارەیەکی لە ڕاهێنەرەکان کشاندەوە بەهۆی مەترسی لە کاردانەوەکان لە پاش کوژرانی سولەیمانی لە بەغدابە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا. هاوکات پەرلەمانی عێراقیش دەنگی دا بۆ کشاندنەوەی هەموو هێزە بیانیەکان لە عێراق.

XS
SM
MD
LG