Accessibility links

هاوپەیمانێتی ناتۆ نیگەرانە سەبارەت بە ئاسایشی وزەی ئەوروپا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی پێویستە ئەوروپا ئەو وزەیەی وەریدەگرێت تەنها لە یەک وڵاتەوە نەبێت، هاوکات بەڕیتانیاش هۆشداریدا لەسەر ئەوەی " ئەگەرێکی زۆر " هەیە ڕووسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، ئەمەش لەکاتێکدا زۆرینەی گازی سروشتی ئەوروپا لە ڕووسیاوە هەناردە دەکرێت.

جێی ئاماژەیە هاوپەیمانێتی ناتۆ بوونی سەربازیی خۆی لە کۆمەڵێک وڵاتی سنووری ڕووسیا زیادکردووە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانیەکانیەوە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هاوکات ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازیی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە.

ڕووسیا داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە هێز و چەکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن ڕووسیا هێزی زیاتری ڕەوانەی سنوورەکانی ئۆکرانیا کردووە پێداویستیەکانی چارەسەرکردنی بریندارانی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد ڕوونکردنەوەیەک بدات لەسەر پلانە ئاسایشییەکانی ناتۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ وتی " ئەگەر بەنیاز نەبن ڕوونکردنەوە بدەن، ئەوا دەبێت پێمان بڵێن بۆچی. ئەمە پرسیاری سەرەکی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر پێشنیارەکانی داهاتوو."

جێی ئاماژەیە یەکێتی ئەوروپا سێیەکی گازەکەی لەلایەن ڕووسیاوە دابین دەکرێت و تێکچوونی بارودۆخەکە پێدەچێت ببێتە هۆی قەیرانی کەمبوونەوەی سوتەمەنی لە ئەوروپادا.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی " ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە ڕەوشی وزە لە ئەوروپادا، چونکە ئەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو لاوازییەی کە بەهۆی پشت بەستن بە یەک وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی گازی سروشتی دروستبووە و لەبەر ئەوەشە ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کاربکەن و سەنگ بخەنەسەر ئەوەی تەنها پشت بە یەک وڵات نەبەسترێت بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG