Accessibility links

سکرتێری ناتۆ داوا لە کۆریای باشوور دەکات پشتیوانییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکات


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ داوای لە کۆریای باشوور کرد پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکات، ئاماژەی بەوەدا دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا وڵاتانی دیکەی جیهان سیاسەتی خۆیان بۆ ڕەوانە نەکردنی چەک بۆ ئەو ناوچانەی شەڕییان تێدایە گۆڕیوە.

ستۆڵتنبێرگ لە گەشتێکدا بۆ ناوچەکە ئێستا لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورە و دواتر سەردانی ژاپۆنیش دەکات. ئامانج لە گەشتەکەشی پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکادا.

ستۆڵتنبێرگ لە ناوەندی توێژینەوە پێشکەوتووەکانی چێی لە سیئۆل سوپاسی کۆریای باشووری کرد لەسەر یارمەتییە نا کوشندەکانی بۆ ئۆکرانیا، بەڵام داوای لێکرد کاری زیاتر بکات، وتیشی " پێویستییەکی بەپەلە هەیە " بۆ تەقەمەنی.

وتی " داوا لە کۆماری کۆریا دەکەم بەردەوام بێت و پشتیوانییەکی سەربازیی دیاریکراو زیاتر بکات. لە کۆتاییدا ئەوە بڕیاری ئێوەیە بیدەن، بەڵام دەڵێم چەندین وڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ کە پەیڕەوی سیاسەتی ڕەوانە نەکردنی چەکییان کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی شەڕییان تێدایە، ئێستا ئەو سیاسەتەیان گۆڕیوە."

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، کۆریای باشوور گرێبەستی گەورەی لەگەڵ پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ واژۆ کردووە، سەدان تانک و فڕۆکە و چەکی دیکەی بەو وڵاتەی ناتۆ فرۆشتووە. بەڵام سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یول وتوویەتی یاسای وڵاتەکە دژی دابینکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتانەی شەڕییان تێدایە، ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا قورس دەکات.

ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەدا ئەڵمانیا و سوید و نەرویج سیاسەتی لەو شێوەیەیان هەبووە، بەڵام ئێستا گۆڕیویانە و چەک دەدەن بە ئۆکرانیا.

وتی " ئەگەر بمانەوێت خۆسەپاندن و چەوسێنەر سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا ئەوان ' ئۆکرانیا ' پێویستییان بە چەکە، ئەوە ڕاستییەکەیە."

ستۆڵتنبێرگ وتی " زۆر گرنگە " ڕووسیا لەم جەنگەدا سەرکەوتوو نەبێت، نەک تەنها بۆ ئۆکرانییەکان بەڵکو بۆ ئەوەش کە ئەو پەیامە هەڵەیە نەگەیەنێت بە ڕابەرانی دیکەی لەو شێوەیە، بە چینیشەوە، کە دەتوانن هەرچی بیانەوێت بە هێز بە دەستی بهێنن.

ستۆڵتنبێرگ وتی سەرەڕای ئەوەی چین دوژمنی ناتۆ نیە، بەڵام " گرنگییەکی زۆری " پێدەدرێت لەلایەن ناتۆوە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی توانا سەربازییەکانی چین و هەڵسوکەوتە زۆرەملێکانی لە ناوچەکەدا.

وتی " باوەڕمان وایە دەبێت لەگەڵ چیندا سەبارەت بە پرسەکانی وەکو کۆنتڕۆڵکردنی چەک و گۆڕانی کەش و هەوا و چەندین پرسی دیکەشدا گفتوگۆ بکەین. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە زۆر ڕوونین لەسەر ئەوەی کە چین ئاستەنگییەکی لەبەردەم بەها و ئاسایش و بەرژوەندی و ئاسایشماندا دروست کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG