Accessibility links

ناتۆ: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆکرانیا سیستمی بەرگری ئاسمانی دەست دەکەوێت


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هاوپەیمانێتی ناتۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی دەدات بە ئۆکرانیا تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، بە فڕۆکە ئێرانییەکانیشەوە کە ڕووسیا بەکاریدەهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا دەڵێت لە هەفتەی ڕابردووەوە بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە سێیەکی وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکە لەناوچوون، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی ئۆکرانیا دوور لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە چڕتر کردەوە.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە میانەی کۆنفرانسێکی ئاسایشدا لە بەرلین وتی وەڵامی هێرشەکان ئەوەیە هاوپەیمانان سیستمی زیاتری بەرگری ئاسمانی بدەن بە ئۆکرانیا.

وتی " گرنگترین شت بتوانین بیکەین ئەوەیە کە هاوپەیمانان بەڵێنیانداوە لەسەری، زیادکردنی گەیاندنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا."

وتیشی " ناتۆ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سیستمی بەرگری دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدات بە ئۆکرانیا، بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەشەوە کە دروستکراوی ئێرانن."

ستۆڵتنبێرگ وتی " نابێت هیچ وڵاتێک پشتیوانی لە جەنگە نایاساییەکەی ڕووسیا بکات دژی ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG