ئەمەریکا و کەنەدا ڕایانگەیاند وڵاتانی جیهان لە 16 مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ دەرخستنی یەکیەتی دژی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن و وەزیری دەرەوەی کەنەدا کریستیا فریلاند لە ئۆتاوا کۆبوونەوە و وتیان کۆبوونەوەکە لە ڤانکوڤەری کەنەدا ساز دەکرێت.
کۆبوونەوەکە نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی تێدا ئامادە دەبن کە لە ساڵی 1950 دا لە جەنگی کۆریادا هێز یاخوود پشتیوانی سەربازییان ناردبوو لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ پەرچدانەوەی داگیرکارییەکەی کۆریای باکوور و هەروەهاوڵاتی دیکەش بەشدار دەبن لەوانەش ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیندستان.
تیلەرسن وتی ئامانجی کۆبوونەوەکە زیادکردنی فشارەکانە بۆ سەر کۆریای باکوور و ناردنی پەیامێکی یەکگرتووە سەبارەت بەوەی کۆمەڵگەی جیهانی قبوڵی ناکات کۆریای باکوور ببێتە وڵاتێک کە چەکی ناوەکیی هەبێت. وتیشی فشارەکانی سەر کۆریای باکوور چڕتر دەبنەوە.
سەرچاوە/ VOA