Accessibility links

خۆپـیشاندانێـکی ناڕەزایی لە شاری نەجەف کوژرانی کەسێـکی لێدەکەوێتەوە


کاربەدەسـتانی عێراق دەڵێن شەوی پـێنجشەممە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە بەرامبەر کەمی وزەی کارەبا لە شاری نەجەف سازکراوە، بەڵام دواتر توندوتیژی لێکەوتووەتەوە و لە ئاکامدا کەسێـک کوژراوە و 5 کەسی دیکە برینداربوون.

قاسم ئەلئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ هەینی فەرمانی کرد لیژنەیەکی باڵا لە ئەفسەرانی وەزارەتەکەی پـێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و دەستبەجێ بەرەو پارێزگای نەجەف بڕۆن و دەست بە کارەکانیان بکەن تاوەکو ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرابکەن.

لوئەی ئەلیاسری پارێزگاری نەجەف لە بەیانـنامەیەکدا گوتی کەسانی تێکدەر ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕیوە بە مەبەستی تێکدانی باری ئاسایشی شارەکە و هەروەها نەهێشتنی ئەو خۆشی و شادیەی لە دڵی خەڵکدا دروستبوون بەهۆی نزیکبوونەوەی ڕزگارکردنی شاری موسڵ.

گوتیشی چەند کەسێـکیان دەسـتگیرکردووە تاوەکو بزانن کێ لە پشتەوەیانەوەیە. هەروەها گوتی کاردەکەن بۆ باشکردنی خزمەتگوزاری کارەبا لە شارەکەیاندا.

پـێشتر پـۆلیسی نەجەف لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی هێزەکانی ئاسایش هەوڵیان دابوو ئاسایش بۆ خۆپـیشاندانەکە دەسـتەبەربکەن، بەڵام خۆپـیشاندانەکە لە شێوازی ئاشتیانەوە بۆ توندوتیژی و تەقەکردن و بەردهەڵدان و تایە سووتاندن گۆڕدرا.

هەروەها پـۆلیس گوتی بەهۆی گولـلەی وێڵی کەسانی نەناسراوەوە کەسێـک کوژرا و 5 کەسی دیکە برینداربوون.

چەند میدیایەکی ناو شارەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان وێنە و ڤیدیۆی خۆپـیشاندانەکەیان بڵاوکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG