سەرکردایەتی ئەرمەنە نەتەوەییەکانی هەرێمی کێشەلەسەری ناگۆرنۆ قەرەباغ ڕایگەیاند تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئازەربایجان لەسەر گرەنتییە ئاسایشییەکان واژۆ نەکردووە.
جوداخوازانی ئەو هەرێمە ڕایانگەیاندووە کە گەڕانەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، بەشێک دەبێت لە ڕێککەوتنی داماڵینی چەک لەگەڵ ئازەربایجان و دەڵێن لە ئیستادا خەریکی دانوستانن سەبارەت بە چۆنییەتی هاتوچووی خەڵکی ناگۆرنۆ قەرەباغ .
داهاتووی قەرەباغ و 120,000 دانیشتووە ئەرمەنەکەی لە نادیاریدایە، ئازەربایجان دەڵێت دەیەوێت ئەو هەرێمە کێشەلەسەرە بە تەواوەتی بخاتە سەر وڵاتەکە، بەڵام ئەرمەنەکانی هەرێمەکە دەترسن لەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و جیهانییان تۆمەتبار کردووە بەوەی دەستبەرداریان بوون و پشتیوانی ناکرێن.
مۆسکۆ دەڵێت بەشێک لە گرووپە ئەرمەنە نەتەوەییەکان ڕۆژی هەینی بەشێک لە چەکەکانی خۆیان ڕادەست کردووە، هەروەها ئەم هەفتەیە پڕۆسەی چەککردنی ئەو گرووپە بە هاوکاری ئاشتیپارێزانی ڕووسیا بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێزە ئاشتی پارێزەکانی ڕووسیا کە چاودێری ئاگربەستێک دەکەن کە کۆتایی بە جەنگەکەی ساڵی 2020 ی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا هێنا، زیاتر لە 50,000 تەن خۆراکییان گەیاندووەتە هەرێمەکە، لەو دوو ڕێگا سەرەکییەوە کە دەچنەوە سەر هەرێمەکە.
لەوەتای هێرشی 24 کاتژمێری هەفتەی ڕابردووی ئازەربایجان، ئەمە یەکەمین جارە خۆراک لە ئەرمینیاوە بگەیەندرێتە قەرەباغ، لە دوای ئەوەی هێزە سەربازییەکانی ئازەربایجان لەم هەفتەیەدا سەرکردە جوداخوازەکانی هەرێمەکەی ناچار کرد خۆیان بدەن بە دەستەوە، یەکەمین باری خۆراک لە ماوەی چەندین مانگدا گەیەندرایە هەڕێمەکە.
بەیاننامەکەی ڕووسیا کە باس لە دوو ڕێگا دەکات ئاماژەیە لەسەر ئەوەی کە خۆراک لە ئازەربایجانیشەوە ڕەوانەی قەرەباغ کراوە.
ئەرمینیا و ئازەربایجان کە هەردووکییان پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، دوو جار شەڕییان لەسەر ناگۆرنۆ قەرەباغ کردووە، هەرێمەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە بەشێک لە خاکی ئازەربایجان ناسراوە، بەڵام بە پشتگیری ئەرمینیا، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا سەربەخۆ بووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز