Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە میانمار ئەنجام بدرێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی میانمار و سەرکردەکانی سوپادا داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی کرد لەو ڕاپۆرتانەی کە دەڵێن مافەکانی موسوڵمانانی ڕۆهینجیا لە میانمار پێشێل کراوە.

زیاتر لە 600 هەزار ڕۆهینجیا لە کۆتایی مانگی هەشتەوە هەڵهاتوون بۆ بەنگلادیش دوای ئەوەی سوپای میانمار کەمپینێکی سەربازیی دەستپێکرد دژی توندڕەوانی ویلایەتی ڕاخین.

تیلەرسن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ڕابەری میانمار ئۆنگ سو کی کە پێش دوو ساڵ حکومەتێکی هاوبەشیان پێکهێنا لەگەڵ سوپادا و دەسەڵاتەکەی لەگەڵ سوپادا دابەش کراوە وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باس لە توندڕەویی هێزەکانی ئاسایشی میانمار دەکەن کە بەرامبەر هاوڵاتیان ئەنجامیان داوە لەمدواییانەدا لە ویلایەتی ڕاخین."

تیلەرسن بە جیا لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی میانمار جەنەڕاڵ مینگ ئۆنگ هلاینگدا کۆبووە کە دەوترێت هێزەکانی کردەوەی توندوتیژییان ئەنجام داوە.

بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان سوپای میانماری تۆمەتبار کرد بەوەی کە تاوانی لاقەکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتنیان ئەنجامداوە دوای ئەوەی ئەو بەرپرسە سەردانی کەمپەکانی پەنابەرانی کردووە لە ناوچەی کۆکس بازار لە بەنگلادیش.

تیلەرسن داوای لە حکومەتی میانمار کرد لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات و ئەو کەسانەی ئەو تاوانانەیان ئەنجام داوە سزایان بدات.

وتی " ئەو ڕاپۆرتانەی لەمدواییانەدا بەدەست گەیشتوون و پێشێلکارین لە ویلایەتی ڕاخین پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئەو کارانە دەبێت بە سزای خۆیان بگەن."

وتیشی " لە هەموو کۆبوونەوەکانمدا داوام لە حکومەتی مەدەنی میانمار کردووە ڕابەرایەتی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و چالاک بکات و سوپا یاریدەدەر بێت و هەموو کەس بتوانێت بێتەوە ناو وڵاتەکە."

وتیشی ئەرکی سوپایە یارمەتی حکومەت بدات و لە ئاست بەرپرسیارێتیەکانیدا بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی هاوڵاتیانی ویلایەتی ڕاخین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG