ڕابەری پێشووی میانمار ئۆنگ سان سوکی بانگهێشت کراوە بۆ بەردەم دادگا، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشیاریدایە میانمار لەسەر مەترسی هەڵگیرسانی " شەڕی ناوخۆ " لە وڵاتەکەدا.
بەپێی کۆمەڵەی یارمەتیدانی زیندانیە سیاسییەکان لە دوای کودەتا سەربازییەکەی میانمارەوە لە 1 ی مانگی دوودا، زیاتر لە 530 کەس لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراون، سەدان کەسی دیکەش دەستگیرکراون و بێسەروشوێنن.
کردەوە توندوتیژییەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بووە هۆی توڕەبوونی نزیکەی 20 هۆزی چەکداریی یاخیبووی میانمار و هەندێکیان هێرشیان دژی سوپا و پۆلیس ئەنجامدا، ئەوانیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامیاندانەوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ میانمار کریستین شرانەر بۆرگنەر لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا وتی " مەترسی هەیە لەسەر هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوانی ناوخۆ لە وڵاتەکەدا."
هەروەها داوای لە ئەنجومەنەکە کرد " بیر لە سەرجەم ئەو ئامڕازانە بکەنەوە کە لەبەردەستیاندایە تاوەکو ڕێگە بەو کارەساتە نەدرێت لە دڵی ئاسیادا."
بەڵام تاوەکو ئێستا ئەندامانی ئەنجومەنەکە بۆچوونی جیاوازییان هەیە لەسەر ئەو پرسە، ئەمەریکا و بەڕیتانیا پشتیوانی لە بیرۆکەی سەپاندنی سزا دەکەن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هاوکات چینی هاوپەیمانی سوپای میانمار ئەو بیرۆکەیەی ڕەت کردەوە و لە هەمان کاتیشدا داوای " گەڕانەوەی دیموکراسی " کرد لە میانمار.
ئەنجومەنی سەربازیی میانمار تاوەکو ئێستا سوودی لەم ناکۆکییەی نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، بە خوێن ڕشتن وەڵامی خۆپیشاندەرانی میانمار دەداتەوە و دادگایی ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوکی دەکات.
ئۆنگ سان سوکی لەڕێی ڤیدیۆوە لە دادگای نایپیداوی پایتەختی وڵاتەکەوە دادگایی دەکرێت.
جێی ئاماژەیە ئەگەر هاتوو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە لەسەری بسەپێندرێت، ئەوا ماوەیەکی زۆر زیندانی دەکرێت و دواتریش ڕێگەی پێنادرێت بچێتەوە ناو ژیانی سیاسەتەوە.
خۆپیشاندانەکانیش دژی ڕژێمی سەربازیی لە میانمار بەردەوامە و دەیان هەزاران کەس لە کارمەندانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت مانیان گرتووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس