Accessibility links

سەرچاوە تەندروستیەکان: کوژرانی 6 خۆپیشاندەر بە گولـلەی هێزەکانی ئاسایش لە میانمار


سەرچاوە تەندروستیەکانی میانمار ئاماژەیان بەوەدا 6 خۆپیشاندەر لە میانمار بە گولـلەی هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە کوژراون، ئەمە لەکاتێکدا سوپای میانمار بەردەوامە لە سەرکوتکردنی ئەوانەی دژی کودەتا سەربازییەکەن.

یەکێک لە کارمەندانی تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا وتی لە مونیوای ناوەڕاستی وڵاتەکە " تیمەکەم چوار لاشەی وەرگرتووە، سێ پیاو و ئافرەتێک." سەرچاوە تەندروستیەکانی دیکەش ئەم هەواڵەیان بۆ دەزگای هەواڵی فرانس پرێس پشتڕاست کردەوە.

دوو خۆپیشاندەری دیکە لە ماندالای کوژراون، ئەمەش بەپێی پزیشکی ئەو نەخۆشخانەیەی کە دوو خۆپیشاندەرەکەیان بۆ گواستۆتەوە.

پزیشکەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە فرانس پرێسی وت یەکێک لە قوربانییەکان فیشەک لەسەری داوە و ئەوی دیکەیان فیشەکەکە بەر سنگی کەوتووە.

دوای کودەتا سەربازییەکەی 1 ی مانگی دووی سوپای میانمار بەسەر حکومەتەکەی ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوچیدا، خۆپیشاندەران بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕین دژی کودەتاکە و داوای ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات دەکەن بۆ حکومەتە دیموکراتخوازەکەی میانمار، هاوکات هێزەکانی ئاسایشی وڵاتەکە بە توندی وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە.

لەلای خۆیانەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان سەپاندووە بەسەر ئەو جەنەڕاڵانەی سوپای میانماردا کە سەرپەرشتی کودەتاکەیان کرد، بەڕیتانیاش داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG