نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند دەیان هەزار کەس کە زۆربەیان ڕۆھێنگای موسڵمانن لەتاو توندوتیژی لە هەرێمی ڕاخین (ئەراکان)ی میانمارەوە هەڵهاتوون بەرەو وڵاتی بەنگلادشی دراوسێیان.
خانم ڤیڤیان تان گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران UNHCR ئەمڕۆ دووشەممە گوتی لەوەتای لە 25 ی مانگی هەشتەوە سەرلەنوێ توندوتیژی لەو هەرێمەی میانمار هەڵگیرساوەتەوە، 87 هەزار کەس پەنایان بۆ بەنگلادیش بردووە و چاوڕواندەکرێت 20 هەزار کەسی دیکە سنوور بپەڕێنەوە و بگەنە ئەم وڵاتە زۆرینە موسڵمانە.
توندوتیژیـیەکانی ئەم دوایـیانە دەستیانپـێکرد پاش چەند هێرشێـکی گروپی" لەشکری ڕزگاریخوازی ڕۆهێنگای ئەراکان" ، ئەوەی دەڵێت بەرگری لە موسڵمانانی ئەراکان دەکات.
دەسەڵاتدارانی بەنگلادیش لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لە هاتنی ئەو ئاوارە نوێـیانە، لە کاتێـکدا بە سەدان هەزار ڕۆهێنگایی بەهۆی توندوتیژیـیەکانی ڕابردووەوە ڕوویان لە وڵاتەکەیان کردووە.
فەرید ئەحمەد کاربەدەسـتی بەنگلادیشی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت " ئاوارەکان پـێیان گوتووین بۆ کوێ بڕۆین ئەوان دەمانگوژن و ماڵمان دەسووتێنن."
پاسەوانێکی سنوورەکانی بەنگلادیشیش گوتویەتی خەڵکە ئاوارەکە هێندە زۆرن دۆخەکەیان بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت.
لە لایەکی دیکەوە ڕەخنەیەکی زۆر لە ئون سان سوو چی براوەی خەڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی دەگیرێت کە لە ئێستادا ڕاوێژکاری میانمارە کە پـۆستێکە لەو وڵاتە وەکو سەرۆکی حکومەت وایە.
لەوەتای ئەم توندوتیژیانە ڕوویانداوە هیچ لێدوانێـکی نەداوە، بەڵام ئۆفیسەکەی ئەمڕۆ دووشەممە بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوو لەشکر دووچاری 90 شەڕ بووە لە دژی چەکدارانی ڕۆهێنگیا و هەروەها زیاتر لە 2600 ماڵ لە گوندەکانی ڕۆهێنگا وێرانکراون. ئۆفیسەکە ئۆباڵی هەموو زیانەکانی خستە ئەستۆی چەکدارە موسڵمانەکان.
هاوکات مەلالە یوسفزای کچە چالاکوانی پاکستانی و براوەی خەڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی لە نوسینێکیدا لەسەر تویتەر دەڵێت" لەم ساڵانەی دوایی چەندان جار ئەو مامڵە خراپەی لەگەڵ ڕۆهێنگاکان دەرکرێت شەرمەزارم کردووە. دەشڵێت "هێشتا چاوەڕوانم هاوڕێکەم ئون سان سوو چی هەمان کاربکات."