Accessibility links

کوژرانی 7 کەس لە خۆپێشاندانێکدا لە ویلایەتی راخینی میانمار


لە میانەی خۆپـیشاندانێکدا لە ویلایەتی ڕاخینی پـڕ کێشە لە میانمار حەوت کەس بە گولـلەی پـۆلیس کوژران.

کاربەدەستان گوتیان نزیکەی 4 هەزار کەس شەوی سێشەممە گەمارۆی بینایەکی حکومەتیان دا لە شاری مراوک یو، رووداوەکە هاتەئاراوە کەمێک پاش بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ساڵیادی ڕووخاندنی دەسەڵاتی شانشینی ئاراکان کە دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ لەمەو پێش.

تێن مەونگ سوێ فەرمانڕەوای ویلایەتەکە وتی پۆلیس ویستویەتی بلاوە بە جەماوەرەکە بکات لە ڕێگای بە کارهێنانی گولـلەی لاستیکی، بەڵام کاتێک جەماوەرەکە ڕەتیان کردەوە و هێرشیان کردە سەر سەربازەکان، هێزەکانی ئاسایش هەستان بە تەقەکردن بە گولـلەی ڕاستەقینە.

جگە لەوەی 7 کەس کوژران، 13 کەسی دیکەش بریندابوون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ (ئەمنستی) داوایکرد لێکۆلینەوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدرێت سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزی کوشندە.

بەرپرسی بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ناوەندی لێبوردنی نێودەولەتی جەیمس گۆمێز وتی " ئەم کوشتارە ترسناکانە نمونەیەکی دیکەیە لەوەی کە هێزەکانی ئاسایشی میانمار گرنگی نادەن بە ژیانی مرۆڤەکان. تەنانەت ئەگەر خۆپیشاندەران بە بەرد هێرشیان کردبێت ئەمە نابێتە پاساوێک بۆ پۆلیس کە تەقە بکات لە ئاپۆڕەی هەزاران کەس. ئەمە نمونەیەکی ڕوونە لە بەکارهێنانی هێزەبۆ پـێشێلکردنی مافی ژیان."

وتیشی پـێویستە پۆلیسی میانمار مەشق و ڕاهێنانی باشتریان پـێبکرێت و ئامێری وەهایان پـێبدرێت تاوەکو بە شێوەیەکی ناتوندوتیژانە کۆنترۆڵی گردبوونەوەکان بکەن.

ویلایەتی راخین ناوەندی یەکێکە لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی ئەمڕۆی جیهان، لە مانگی هەشتی ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا نزیکەی 650 هەزار کەس لە خەڵکی رۆهینگیا هەڵهاتوون بۆ وڵاتی بەنگلادیش دراوسێ، ئەمە لە کاتێکدا کە هێزەکانی میانمار هەستان بە هێرشکردن و سووتاندنی گوندەکانی خەڵکی رۆهینگیا لە بەرامبەر هێرشی میلیشیاکانی رۆهینگیا بۆ سەر بنکەکانی پۆلیسی میانمار.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کارەی وەک " پاکتاوی نەژادی" ناوبرد.

XS
SM
MD
LG