Accessibility links

خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دژی کودەتاکەی میانمار


ڕۆژی دووشەممە خۆپیشاندانێکی گەورە بۆ سێیەمین ڕۆژ لەسەریەک لە میانمار بەڕێوەچوو، هاوڵاتیان ناڕەزاییان دەربڕی لەسەر کودەتا سەربازییەکەی دژی ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوچی، لەکاتێکدا هێزەکانی پاراستنی ئاسایش ئاوییان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

بەپێی زانیارییەکان سەدان هەزاران کەس لە ڕانگۆنی پایتەختی ئابووری وڵاتەکە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە.

هاوڵاتیان لە سەرجەم چین و توێژەکان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ حیزبەکەی ئۆنگ سان سوچی ( ڕابیتەی نیشتیمانی لە پێناو دیموکراسی " دووپات کردەوە.

خۆپیشاندەران داوایان کرد " ڕابەرەکانیان ئازاد بکرێن و ڕێز لە دەنگەکانیان بگیرێت." هەروەها داوایان کرد " کودەتاکە ڕەت بکرێتەوە."

خۆپیشاندانی دیکەش لە ژمارەیەک لە شارە گەورەکانی تری وڵاتەکە بەڕێوەچوون، زۆرێک لە دانیشتوان بە ئوتومبێل و ماتۆڕەوە ڕژانە سەر شەقامەکان.

بەپێی پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس لە نایپیداوی پایتەختی میانمار، پۆلیسی وڵاتەکە خەڕتومی ئاوییان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو دەیان کارمەندی حکومی وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک نەچوونەوە سەر کارەکانیان.

تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو سەرکردە سەربازییانەی کە ڕابەرایەتی کودەتاکەیان کرد لێدوانییان لەسەر خۆپیشاندانەکان نەداوە.

لە 1 ی مانگی دوودا سوپای میانمار کۆتای بە دیموکراسی لە وڵاتەکەدا هێنا، هەروەها بۆ ماوەی ساڵێک باری نائاسایی ڕاگەیاند و ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوچی و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەیان دەستگیرکرد.

لەو کاتەوە زیاتر لە 150 کەس دەستگیرکراون، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا پەرلەمانتار و بەرپرسانی ناوخۆ و چالاکەوانیان تێدایە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG