Accessibility links

بەنگلادیش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت چیتر ناتوانێت پەنابەرانی ڕۆهینجیا وەربگرێت


بەنگلادیش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند چیتر لە توانایدا نیە پەنابەرانی میانمار وەربگرێت، ئەمەش دوای 18 مانگ لە هەڵهاتنی 700 هەزار هاوڵاتی کە زۆرینەیان موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا بوون و لە ترسی هەڵمەتە سەربازییەکەی میانمار هەڵهاتن بۆ بەنگلادیش.

هێرشەکانی چەکدارانی ڕۆهینجیا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ویلایەتی ڕاخینی میانمار بووە هۆی ئەوەی حکومەتی میانمار هەڵمەتێکی سەربازیی دەست پێبکات دژی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا کە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکە ئەو هەڵمەتەیان بە پاکتاوی ڕەگەزی ناودێر کرد. میانماریش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش شەهید ئەلحەق وتی " بەداخەوەم بە ئەنجومەنەکە ڕادەگەیەنم کە بەنگلادیش چیتر لە بارودۆخێکدا نیە بتوانێت خەڵکی زیاتری میانمار وەربگرێت."

شەهید میانماری تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی لە دانوستانەکاندا " بەڵێنی درۆ دەدەن و کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەگرنەبەر کە بەربەستە لەبەردەم گەڕانەوەی پەنابەرەکاندا."

وتیشی " هیچ کەسێک لە ڕۆهینجیا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ ڕاخین بەهۆی ئەوەوە کە لەوێ ڕەوشێکی پارێزراو و گونجاو بۆ ئەوان نیە."

میانمار لە مانگی یەکەوە دەڵێت ئامادەیە پەنابەرەکان وەربگرێتەوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێشتا بارودۆخەکە لەبار نیە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەکان. ڕۆهینجیاکانیش دەڵێن دەیانەوێت دوای گەڕانەوەیان گرەنتی پارێزراویان پێبدرێت و وەکو هاوڵاتی ئەو وڵاتە سەیر بکرێن.

وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەنجومەنی ئاسایشدا حکومەتی میانمار بە بەرپرس دەزانن لەوەی کە پەنابەران ناگەڕێنەوە.

نوێنەری بەڕیتانیا لە ئەنجومەنەکە کارین پیێرس وتی " زۆر هەست بە نائومێدی دەکەین لەوەی کە هیچ پێشڕەوییەک نەکراوە سەبارەت بە گەڕانەوەی پەنابەرەکان، ئەوەش بەشێکی بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەوەیە کە وا لە پەنابەرەکان دەکات نەتوانن بگەڕێنەوە."

ئەندامانی ئەنجومەنەکە جەختیان لە پێویستی ئەوە کردەوە دەبێت گەڕانەوەی پەنابەرەکان پارێزراو بێت و ڕێزیان لێبگیردرێت، هەروەها فشاریان خستە سەر میانمار تاوەکو ڕێگە بدات بەبێ کۆت و مەرج نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە ناو ڕاخینەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG