سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە دەڵێت ڕابەری لەکارلابراوی میانمار ئۆنگ سان سو کی فەرمانی چوار ساڵی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بە تۆمەتی هاندان و پێشێلکردنی کۆتوبەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕەخنەگرانیش دەڵێن ئەمە گاڵتەجارییە.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی سەرۆکی میانمار وین مینتیش فەرمانی چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، لەکاتێکدا دادگا یەکەمین فەرمانی خۆی دژی ئۆنگ سان سو کی دەرکرد کە لە کودەتایەکی سەربازییدا لە 1 ی مانگی دوودا دەستبەسەرکرا.
ئۆنگ سان سو کی بەشێوەیەکی دیموکراتیانە دەسەڵاتی میانماری گرتەدەست، بەڵام دوابەدوای کودەتا سەربازییەکە و لەکارلابردنی، وڵاتەکە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە و خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی ئەنجومەنی سەربازیی میانمار ئەنجامدراوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نیگەرانە سەبارەت بە وەستانی چاکسازییە سیاسییەکان لەو وڵاتەدا.
لەدوای کودەتاکەوە ئۆنگ سان سو کی کە براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵە، لەگەڵ ڕابەرانی باڵای حیزبەکەیدا دەستبەسەرکراوە، ئەوانی دیکەش لە دەرەوەی میانمارن یاخود لەناو وڵاتەکەدا خۆیان شاردۆتەوە.
ڕێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتی وتی تۆمەتەکانی دژی سو کی ساختە و دروستکراون و ئاماژەی بەوەدا فەرمانەکەی دادگا نوێترین نمونەیە لەسەر سووربوونی سوپای میانمار بۆ لەناوبردنی سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و خنکاندنی ئازادی لە وڵاتەکەدا.
سوپای میانمار هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر شوێنی دەستبەسەرکردنی سو کی و هێشتا ڕوون نیە کە ئایا فەرمانەکە لە ڕەوشی سو کی دەگۆڕێت یاخود نا.
دادگاییکردنەکە لە نایپیتاوی پایتەختی میانمار و بەشێوەیەکی داخراو و دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکانەوە بەڕێوەدەچێت، ڕاگەیاندنەکانی ئەنجومەنی سەربازیی میانماریش باسیان لە فەرمانەکان نەکردووە. پارێزەرانی سو کی ڕێگەیان پێنادرێت قسە بۆ ڕاگەیاندن و خەڵکەکە بکەن.
سو کی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تۆمەت بووەتەوە، لەوانەش ژمارەیەک تۆمەتی گەندەڵی و پێشێلکردنی بەندی یاسای نهێنیەکانی وڵاتەکە و کۆتوبەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز