ئیلۆن مەسک ڕایگەیاند ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس هێڵی پەیوەندی ئینتەرنێت بۆ " ڕێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان " ی غەززە دابین دەکات، وەزیری ڕاگەیاندنی ئیسڕائیلیش وتی وڵاتەکەی دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکات.
مەسک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وتی نازانێت کێ بەرپرسە لە هێڵەکانی غەززە، بەڵام دەزانین کە " هیچ وێستگەیەک لەو ناوچەیەدا هەوڵی نەداوە پەیوەندی بە هێڵەکەمانەوە بکات."
پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل خەڵکەکەی کەرتی غەززەی دابڕاند لە جیهان و لە یەکتریش، لە کاتێکدا کە تەلەفون کردن بۆ ئازیزان و تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و ئەوانی دیکە لە ناوچەکەدا نەمان، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکەی فراوانتر کرد.
ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن نەمانی هێڵەکانی پەیوەندی لە غەزە دۆخە خراپەکەی خراپتر کردووە، بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە ئەرکەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکە و ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردن بە ستافەکانییانەوە لە غەززە.
وەزیری ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل شلۆمۆ کارهی وەکو وەڵامێک بۆ پۆستەکەی مەسک لە ئێکس وتی " ئیسڕائیل هەرچی ئامرازێکی لەبەردەستدا بێت بەکاریدەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمە."
وتی " حەماس بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکان بەکاریدەهێنێت، مەگەر مەسک بیکاتە مەرجێک بۆ ئازادکردنی منداڵ و کوڕ و کچ و بەساڵاچووە ڕفێندراوەکانمان، هەموویان، ئەگەر نا ئەوا ئۆفیسەکەم سەرجەم پەیوەندییەکان لەگەڵ ستارلینکدا دەپچڕێنێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز