Accessibility links

مەسک ڕووبەڕووی فەرمانێکی بەڕازیل دەبێتەوە بۆ بڵۆککردنی چەند هەژمارێکی دیاریکراو لە ئێکسدا


ئیلۆن مەسک
ئیلۆن مەسک

ئیلۆن مەسک ڕووبەڕووی بڕیارێکی دادگایەکی باڵای بەڕازیل بووەتەوە کە فەرمانی بە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کردووە چەند هەژمارێک بڵۆک بکات، ڕۆژی یەکشەممە مەسک داوای دەست لە کارکێشانەوەی دادوەرەکەی کرد.

مەسک لە ئێکس نوسیویەتی " ئەم دادوەرە بە ئاشکرا و چەندین جار ناپاکی بەرامبەر دەستوور و گەلی بەڕازیل کردووە. دەبێت دەست لە کاربکێشێتەوە یاخود دووربخرێتەوە."

لە پۆستێکی پێشووتردا مەسک وتی ئێکس سەرجەم ئەو کۆتوبەندانە لادەبات کە لەلایەن دادوەر ئالیکساندەر دی مۆڕالیسەوە سەپێندراون بەسەر چەند هەژمارێکدا لە بەڕازیل و وردەکاریی فەرمانەکە ئاشکرا دەکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دادوەرەکە داوای کردووە ئەو کارە نەکرێت.

مەسک لە پۆستێکدا نوسیویەتی " ئەم دادوەرە غەرامەی زۆر گەورەی سەپاندووە، هەڕەشەی دەستگیرکردنی کارمەندەکانمانی کردووە و هەڕەشەی قەدەغەکردنی دەستڕاگەیشتنی بە ئێکس کردووە لە بەڕازیلدا. لە ئەنجامدا ئێمە ڕەنگە سەرجەم داهاتەکان لە بەڕازیل لە دەست بدەین و ناچار بین ئۆفیسەکەمان لەوێ دابخەین. بەڵام بنەماکان گرنگترن لە قازانج."

دادوەری گشتی بەڕازیل خۆرخێ مێسیاس ڕەخنەی لە بڕیارەکەی مەسک گرت و داوای ڕێکخستنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کرد تاوەکو ڕێگری بکرێت لە پێشێلکردنی یاساکانی بەڕازیل لەلایەن سەکۆ بیانییەکانەوە.

مێسیاس لە ئێکس نوسیویەتی " ناتوانین لە کۆمەڵگایەکدا بژین کە تێیدا ملیاردێرەکان کە لە دەرەوەی وڵات دەژین کۆنتڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دەستییانەوە بێت و خۆیان بخەنە دۆخێکەوە کە سەروەری یاسا پێشێل بکەن و پابەند نەبن بە فەرمانەکانی دادگاوە و هەڕەشە لە بەرپرسەکانمان بکەن."

کۆمپانیای ئێکس دەڵێت ئێکس " بە بڕیارەکانی دادگا ناچار کراوە " هەندێک لە هەژمارە بەناوبانگەکان لە بەڕازیل بڵۆک بکات و قەدەغەکراوە لەسەری وردەکاریی فەرمانەکە یاخود ناوی ئەو دادوەرە بڵاوبکاتەوە کە فەرمانەکەی دەرکردووە. وتیشی ئێکس هەڕەشەی لێدەکرێت بە غەرامەکردنی ڕۆژانە ئەگەر پابەند نەبێت.

مەسک وتی فەرمانی بڵۆککردنەکە نا دەستوورییە.

وتی " خەڵکی بەڕازیل سەرەڕای باوەڕە سیاسییەکانییان، دەبێت مافی ئازادی ڕادەربڕینییان هەبێت."

مۆرالیس کە ڕابەرایەتی لێکۆڵینەوەیەک دەکات لە " هەوڵێکی کودەتا " لەلایەن سەرۆکی پێشووی بەڕازیل یایر بۆڵسۆنارۆوە، یەکێکە لە دادوەرەکانی دادگای باڵای بەڕازیل و چالاکترین دادوەرە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لە ڕێی ئۆنلاینەوە لە بەڕازیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG