Accessibility links

کەسێکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی لە دانمارک دادگایی دەکرێت


دادگاییکردنی کەسێکی نەرویژی بە ڕەچەڵەک ئێرانی لە دانمارک دەستیپـێکرد کە تۆمەتبارە بە هەوڵی کوشتنی سەرکردەی گروپێـکی ئۆپـۆزسیۆنی ئێران لە تاراوگە.

سۆرن هاربۆ داواکاری گشتی لە ناوچەی ڕاسکیلێی ڕۆژئاوای کۆپـنهاگنی پایتەخت ئەمڕۆ هەینی گوتی کەسەکە تەمەنی 40 ساڵە و تۆمەتبارە بە پـلاندانان بۆ کوشتنی سەرکردەی بزوتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ ڕزگارکردنی ئەحواز (حركة النضال العربي لتحرير الأحواز).

تۆمەتبارەکە لە مانگی نۆی ساڵی 2018 ، بۆ ماوەی 3 ڕۆژ هەستاوە بە گرتنی وێنە و ڤیدیۆی دەوروبەری ماڵی سەرکردەی ئەم بزووتنەوەیە. دەزگا هەواڵگری و پـۆلیسی دانمارکیش بۆ پـوچەڵکردنەوەی پـلانەکە، لە 28 ی هەمان مانگدا هەستان بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە وڵاتەکەدا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان.

دەزگا ئاسایشیـیەکانی دانمارک لەو بڕوایەدان ئێران لە پشت هەوڵی کوشتنەکەوە بێت وەک کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکەی لە سەرەتای مانگی نۆی 2018 لە ناوچەی ئەحواز ئەنجام درا و بووە هۆی کوژرانی 24 کەس.

ئێران ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی کوشتنەکەی دابێت.

پـێشبینی دەکرێت لە کۆتایی مانگی پـێنج دادگا بڕیاری خۆی لەسەر کەیسەکە بدات.

جێی ئاماژەیە لە 8 ی مانگی یازدەی ساڵی 2017 ، سەرکردەی ئەو کاتەی بزووتنەوەکە(ئەحمەد مولا نیسی) لە شاری لاهای هۆڵەندا بە چەکێکی بێ دەنگ کوژرا.

XS
SM
MD
LG