Accessibility links

پـۆلیسی ئەڵمانیا باری نائاسایی لە دوو وێستگەی شەمەندەفەر شاری میونخ سوککرد


وەزیری ناوخۆی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا دەڵێت ژمارەی پـۆلیسیان لە دوو وێستگەی شەمەندەفەری شاری میونخ کەمکردووەتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی شەوی سەری سـاڵ زانیاریـیان پـێگەیشتبوو کە هەوڵی تێرۆرستی لەو نزیکانە لە ئارادایە.

یواخیم هێرمان ئەمڕۆ هەینی گوتیشی " لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ژمارەیەکی زۆری پـۆلیس لە وێستگەی ناوەندی میونخ و وێستکەی پاسینگ هەن، بەڵام زۆر کەمترە لەوەی شەوی ڕابردوو."

لە لایەکی دیکە هوبێرتوس ئەندرێ سەرۆکی پـۆلیسی میونخ هەر ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی وڵاتەکەی شەوی ڕابردوو زانیاری پـێگەیشتووە کە توندڕەوان لە عێراق و سوریاوە هاتوون و بەنیازن هێرشی خۆکوژی لە میونخ ئەنجام بدەن، بەڵام هێشتا پـۆلیس کەسی لەسەر ئەم زانیاریـیە دەسـتگیر نەکردووە.

پاشان جەختی لەوە کرد کاربەدەسـتانی ئەڵمانیا لە سەرچاوەی زۆر بڕواپـێکراوە ئەم زانیاریـیەیان پـێگەیشتووە. گوتیشی ناوی ژمارەیەک کەسیان پـێدراوە، بەڵام نازانن ئایا ئەو کەسانە لە وڵاتەکەن یان نا.

جێی ئاماژەیە دەزگای ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی گشتی لە باڤاریا ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان لە دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا و فەڕەنساوە زانیاریـیەکەیان پـێگەیشتووە کە دەڵێت 7 کەس بەنیازی هێرشی تێرۆرستین لە میونخ.

XS
SM
MD
LG