Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق: هێزەکانمان دەسـتیانکردووە بە پـێشڕەویکردن بە ئاڕاستەی ڕۆژئاوای شاری موسڵ

  • VOA News

سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکەی نزیکبوونەتەوە لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ بکەن و لە ئێستادا دەسـتیانکردووە بە پـێشڕەویـیکردن بە ئاڕاستەی ڕۆژئاوای شارەکەدا.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا گوتیشی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری موسڵ بە تەواوی سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە هەڵسەنگاندنی پـێچەوانەیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە هەیە.

گوتی "نەینەوا پارێزگایەکی گەورەیە و سەری مارەکە لەوێـیە، بۆیە داعش هەموو هەوڵێـکی خۆی دەدات تاوەکو ڕزگاری نەکەین. دەیانەوێت کارەسات بنێنەوە، دەیانەوێت قوربانی زۆر بنێنەوە لە نێو هێزەکانمان و هاوڵاتیاندا."

باسی لەوەشکرد چەکدارانی داعش ورەیان ڕووخاوە و تواناکانیان بە ئەندازەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام ئاگاهی دا داعش ڕێکخراوێـکی تێرۆرستیـیە و بەردەوام هەوڵ دەدات زیان بە خەڵکی و دەمودەزگاکانی دەوڵەت بگەیەنێت، لەوانە ئاگری بەرداوەتە بیرە نەوتیـیەکان و کارگەی گۆگردی موسڵ.

لە بەشێـکی کۆنگرەکە لە بارەی موچەی پـێشمەرگەوە پـرسیاری لێکرا، "پـێشمەرگە دەپـرسن ئەگەر ئێمە لە ناو چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عێراقدا بین بۆچی موچەکانمان وەرناگرین؟"

عەبادی لە وەڵامدا گوتی " بەپـێی زانیاریەکانم پـێشمەرگە موچەکانیان وەردەگرن، دەڵێن ڕەنگە مانگی ڕابردوو دواکەوتبێت، بەڵام مانگانە موچەی خۆیان وەردەگرن بە پـێچەوانەی فەرمانبەرەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کە ڕەنگە بۆ چەند مانگێـک دوابکەوێت."

پاشان گوتی پـێشمەرگە بەشێـکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و جێی ڕێز و پـێزانینی ئەوانن بۆ ئەو قوربانیانەی دەیدەن لە پـێناو بەرگریکردن لە وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG