Accessibility links

ئەمەریکا ئاگاهی لە مەترسی هەرەسهێنانی بەنداوی موسڵ دەدات


ئەمەریکا و عێراق پـێکەوە کۆبوونەوەیەکیان بۆ گەورە دیپـلۆماتان و کاربەدەسـتانی نەتەوە یەکگرتووەکان سـازکرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەگەری هەرەسهێنانی بەنداوی موسڵ.

کۆبوونەوەکە دوێنێ چوارشەممە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچووە بە بەشداری هەریەک لە سامانتا پاوەر نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوتا عێراقیـیەکەی محەمەد عەلی ئەلحەکیم و هەروەها شارەزایان لە بەشی ئەندازیاری لەشکری ئەمەریکا و کاربەدەسـتانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیپـلۆماتانی باڵای دیکە.

خانم سامانتا پاوەر لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ئەو زانیاریـیانەی ئەمڕۆ لە بارەی بەنداوی موسڵەوە هاتوون زۆر مەترسیدارن. گوتیشی سەرەڕای ئەو هەنگاوە گرنگانەی نراون بۆ ڕێگەگرتن لە هەرەسهێنانی بەڵام هێشتا بەنداوەکە لە بەردەم مەترسی هەرەسهێناندایە.

پاشان گوتی ئەگەربێت ئەوە ڕووبدات ئەوا ڕەنگە هەندێـک ناوچە شەپـۆلێـکی لافاو لێبدات کە بەرزیـیەکەی بگاتە 14 مەتر، ئەمەش بۆی هەیە هەموو شتێـک لە بەردەمی خۆیدا ببات، لەوانە خەڵکی و ئۆتۆمبیل و تەقەمەنی و خۆڵ‌وخاشاک و کەرەستەی دیکەی مەترسیدار.

خانم سامانتا پاوەر گوتیشی دەبێت هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامادەباشیدابن بۆ ئەوەی نەهێڵن کارەساتێـکی مرۆیی ڕووبدات.

بەیانـنامەکەی ئەمەریکا دەڵێت لە نێوان 500 هەزار بۆ 1.470 ملیۆن کەس لە ڕێڕەوی ئەو لافاوی ئاوەدا دەژین کە شیانی هەیە بەهۆی هەرەسهێنانی بەنداوەکەوە ڕووبدات.

جێی ئاماژەیە بەنداوی موسڵ لەوەتای لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دروسـتکراوە کەموکوڕی لە ژێرخانەکەیدا هەیە. ئەگەر بێت و هەرەسبهێنێت، ئەوا ئەمبەر و ئەوبەری ڕوباری دیجلە کە دانیشـتوانێـکی زۆری لێـیە ئاوی لافاو دەیبات.

XS
SM
MD
LG