Accessibility links

دەستەی دانوستانکاری مۆساد لە دۆحەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل


دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز سەبارەت بە سەردانی شاندی مۆساد بۆ قەتەر بۆ درێژەدان بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانی فەلەستینی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوای بنبەستی دانوستانەکان، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی مۆساد فەرمانی بە تیمی مۆساد کردووە لە دۆحەوە بگەڕێنەوە وڵات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە رێکخراوی حەماس ئەرکەکانی خۆی لە ڕێککەوتنەکەدا جێبەجێ نەکردووە کە بریتی بووە لە ئازادکردنی سەرجەم منداڵ و ژنانی (ڕفێندراو) لەسەر بنەمای لیستی خودی ئەو گروپە کە پێشتر پێی ڕازی بووە.

سەعاتێک دوای ئەوەی ئیسرائیل دانوستانکارەکانی لە قەتەرەوە بانگهێشت کردەوە و ڕایگەیاند کە دانوستانەکان بۆ درێژەدان بە ئاگربەست گەیشتووەتە "بنبەست"، وتەبێژی تاقمی توندڕەوی حەماس، حکومەتی ئیسرائیلی بە هۆکاری کۆتاییهێنان بە دانوستانەکان و درێژەداننەدان بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان هەردوولادا تاوانبار کرد .

سی ئێن ئێن لە زاری ئەو وتەبێژەوە بە بێ ئاماژەدان بە ناوەکەی، بڵاویکردەوە، ئیسرائیل "پێشتر بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ دەستدرێژییە تاوانکارییەکانی."

بە وتەی ئەو بەرپرسەی حەماس، پێشنیازی ئاڵوگۆڕی دیل و گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو بارمتانەی گیانیان لەدەستداوە، لەلایەن ئەو گرووپە توندڕەوەوە کراوە بە ئیسرائیل، بەڵام حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ بە هیچ شێوەیەک ئەو پێشنیارانەی لەبەرچاو نەگرتووە.

ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە کە تیمێکی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسڕائیل لە دەوحەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نێوەندگرە قەتەڕییەکاندا بۆ وەستانێکی دیکە لە شەڕەکەی ناو غەززەدا.

گفتوگۆکان لەسەر ئاگربەستێکی دیکە کە قەتەڕ نێوەندگریی تێدا کردووە، سەنگی خستبووە سەر سەر ئازادکردنی زۆربەی بارمتەکان نەک تەنها ژن و منداڵان. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان وتبووی ئەم ئاگربەستەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت جیاوازە لەو ئاگربەستەی کە ڕۆژی هەینی شکستی هێنا.

ئاگربەستەکە لە 24 ی مانگی یانزەدا دەستی پێکرد و دوو جار درێژکرایەوە. بەڵام دوای حەوتەیەمین ڕۆژی ئاگربەستەکە و دوای ئەوەی بارمتە ژن و منداڵ و بیانییەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانیانی فەلەستینیەکاندا ئازاد کران، نێوەندگران شکستییان هێنا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتە و زیندانی زیاتر.

ئیسڕائیل و حەماس یەکترییان تۆمەتبار کرد لەسەر شکستهێنانی ئاگربەستەکە، کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند و دوو جار درێژکرایەوە، بەڵام دواتر نێوەندگرەکان نەیانتوانی ڕێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە.

ئیسڕائیل حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕەتی کردووەتەوە سەرجەم ئەو ژنانە ئازاد بکات کە بە بارمتە گرتوونی. بەرپرسێکی فەلەستینی وتی هۆکاری شکستی ئاگربەستەکە ئەوە بووە ئیسڕائیل داوای ئازادکردنی ژنە سەربازە ئیسڕائیلییەکانی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG