سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین وتی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بەنیازە هەموو چەکە ناوەکییەکان و کەلوپەل و دامەزراوە تایبەتییەکانی لەناوببات.
مون لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی بی بی سی بەڕیتانیدا وتی کۆریای باکوور و ئەمەریکا گفتوگۆ دەکەن بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی دووەم لەنێوان کیم و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا.
مانگی ڕابردوو مون دوای سێیەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ کیمدا لە پیۆنگیانگ وتی کۆریای باکوور ئامادەیە شارەزا نێودەوڵەتییەکان بانگهێشت بکات تاوەکو چاودێری داخستنی شوێنی سەرەکی موشەکەکان بکەن و دامەزراوەی یۆنجیبۆنی ناوەکیی سەرەکیش دادەخەن ئەگەر لە بەرامبەردا واشنتن کۆمەڵێک ڕێوشوێن بگرێتەبەر.
مون وتی ئەو ڕێوشوێنانە لەوانەیە کردنەوەی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور بگرێتەوە و هەروەها یارمەتییە مرۆییەکان و گۆڕینەوەی شارەزایانی ئابووریش بگرێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز