Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باشوور: ڕابەری کۆریای باکوور بەمزووانە سەردانی ڕوسیا دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین

سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین وتی واپێشبینی دەکرێت ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بەمزووانە سەردانی ڕوسیا بکات و هەروەها پێشبینیش دەکرێت سەرۆکی چین شی جین پینگ سەردانی کۆریای باکوور بکات.

مون باسی لە سەردانەکانی ڕابەری کۆریای باکوور و سەرۆکی چینی کرد لەمیانەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەدا، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ماییک پەمپیۆدا کۆبۆوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

مون بەشێوەیەکی ئەرێنی باسی لە کۆبوونەوەکەی نێوان پەمپیۆ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون کرد و وتی کۆبوونەوەکە ڕێگەی خۆشکردووە لەبەردەم سازدانی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا.

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە پیۆنگیانگ و مۆسکۆ ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی لەمساڵدا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن دوای ئەوەی کیم چاوی بە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ کەوت لە پیۆنگیانگ.

جێی ئاماژەیە کیم لەمساڵدا سێ جار سەردانی چینی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا کۆبۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG