Accessibility links

دوو کۆریاکە بۆ جاری سێیەم کۆدەبنەوە


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین

وەزارەتی یەکیەتی کۆریای باشوور ڕایگەیاند دوو کۆریاکە ڕێکەوتوون لەسەر سازدانی سێیەمین کۆبوونەوەی نێوانیان لە پیۆنگیانگ لە مانگی نۆدا، ئەمەش نوێترین ئاماژەیە لەمساڵدا لەسەر گەشەکردنی پەیوەندییەکانیان.

جێی ئاماژەیە لە مانگی چواردا ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون چاوی بە سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین کەوت و ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە پایزدا، بەڵام ئەمجارە لە پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکوور.

ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی دوو کۆریاکە گفتوگۆی ئاست بەرزیان ئەنجامدا لە گوندی بانمونگۆمی سنووریی بۆ باسکردن لە کۆبوونەوەی سێیەم و گفتوگۆکانیش بە ڕابەرایەتی وەزیری یەکیەتی کۆریای باشوور چو میۆنگ گیۆن و سەرۆکی لیژنەی یەکیەتی کۆریای باکوور ڕی سون جۆن بەڕێوەچوون.

ڕی وتی هەردوولا لەسەر وردەکاری دیاریکراو ڕێکەوتوون بە بەرواری ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەشەوە، بەڵام بەروارەکەی دیاری نەکرد.

بەڵام وتی زۆر گرنگە ئەو بەربەستانە لاببرێن کە لەبەردەم بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکەدا هەن هەروەکو چۆن پلانی بۆ دانراوە.

وتیشی " ئەگەر ئەو بابەتانەی کە پێشنیارمان کردوون چارەسەر نەبوون ئەوا کێشەی چاوەڕوان نەکراو پەیدا دەبێت و ئەو بابەتانەی پێشنیار کراون ڕووبەڕووی قورساییەکی زۆر دەبنەوە."

وەزیری یەکیەتی کۆریای باشوور باسی لەو کێشانە نەکرد کە ڕی باسی لێوە کردبوون بەڵام وتی گفتوگۆ لەسەر بابەتە مرۆییەکان و چۆنێتی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کراوە.

وتیشی کۆبوونەوەی داهاتوو لە پیۆنگیانگ یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان و ڕێگە دەدات بە دوو سەرۆکەکە باس لە نەهێشتنی چەکی ناوەکی باکوور بکرێت و هەروەها باس لە چۆنێتی خستنەوەی ئاشتی بکرێت لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

جێی ئاماژەیە لەمساڵدا ڕابەری کۆریای باکوور کۆمەڵێک کۆبوونەوەی سیاسیی ئەنجامداوە لەگەڵ سەرۆکەکانی کۆریای باشوور و چین و ئەمەریکادا. مون و کیم لە مانگی پێنجدا کۆبوونەوەیەکیان لەسەر سنووری نێوانیان ئەنجامدا، بەوەش سەرۆکی کۆریای باشوور یەکەم سەرۆکە کە دووجار لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا کۆبووبێتەوە. هەروەها مون یەکەمین سەرۆک دەبێت لەمساڵدا سەردانی پیۆنگیانگ بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG