فەرماندەی دەریای ئەمەریکا وتی تاقیکردنەوەکە لەنزیک شارۆچکەیەکی وۆنسۆن بووە لەسەر کەنار دەریای ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوور. موشەکەکە بۆ ماوەی شەش خوولەک چاودێری کراوە هەتاکوو کەوتۆتە دەریای ژاپۆنەوە کە بە شوێنێکی بازرگانی نوێی ژاپۆن ناسراوە.
فەرماندەییەکە وتی موشەکەکە هیچ هەڕەشەیەکی نەبووە لەسەر ئەمەریکای باکوور بەڵام سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی بەڵێنیداوە کاردانەوەی هەبێت.
ئابی وتی " لەگەڵ ئەمەریکادا کار دەکەین، کرداری دیاریکراومان دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆریای باکوور."
ئەمە دووەم تاقیکردنەوەی موشەکیی کۆریای باکوور بوو لە هەفتەیەکدا، تەنانەت دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەڕەشەی سزای زیاتری کرد بۆ سەر کۆریای باکوور و سەرکردەکانی گروپی حەوتیش سەرکۆنەی کۆریای باکووریان کرد.
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ لەکاتێکدا وشەی بەهێز بەکاردەهێنن دژی کۆریای باکوور و سەرۆکەکەی کیم جۆنگ ئون، هێشتا دەبێت سیاسەتێکی جێگیر بدۆزنەوە لەسەر چۆنێتی بەرپەرچدانەوەی پیۆنگیانگ.
لەگەڵ هەڕەشەی سزای زیاتردا، وەکوو ئاگادارکردنەوەیەک ئەمەریکا هێزی دەریایی نارد بۆ نیمچە دوورگەی کۆریا و ڕاهێنانێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا لەگەڵ کۆریای باشووردا.
سەرچاوە / VOA