Accessibility links

فەڕەنسا و یۆنان و قوبرس و ئیتالیا مانۆڕی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوڕاست ئەنجام دەدەن


وەزارەتی بەرگری یۆنان ڕایگەیاند وڵاتەکەی و فەڕەنسا و ئیتالیا و قوبرس پـێکەوە لە ڕۆژی چوارشەممەوە هەتا هەینی مانۆڕی لەشکری ئەنجام دەدەن لە باشوری دورگەی کریت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەو ناوچەیەی لەم دوایـیانەدا گرژی لە نێوان ئەسینا و ئەنکەرە دروستبوو.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی ئەم چوار وڵاتە ڕێکەوتوون لە چوارچێوەی هاوکاری چوارقۆڵی هێزیان هەبێت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

بەیاننامەکە دەڵێت گرژی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست زیاتربووە بەهۆی ناکۆکیـیەکان لەسەر چەندین بابەت، لەوانە سنوورەکان و کۆچبەران.

لە لایەکی دیکەوە خانم فلۆرانس پارلی وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی " ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بووەتە ناوچەی گرژی. دەبێت ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی بنەما بێت نەک بە ئارەزووبێت. لەگەڵ هاوبەشەکانمان قوبرس و یۆنان و ئیتالیا ئەمڕۆ مانۆڕی لەشکری لە ئاسمان و دەریا دەستپـێدەکەین."

دەشڵێت پەیامەکەیان سانایە، ئەولەویەت بۆ وتووێژ و هاوکاری و دیپـلۆماسیـیەتە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، ئەمەش بۆ ئەوەی ناوچەکە سەقامگیربێت و تیایدا ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت، نەک ببێتە گۆڕەپانێک بۆ خواستەکانی هەندێک.

دۆزینەوەی کێڵگەی گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەم ساڵانەی دوایی گرژیـیەکی زۆری لە نێوان ئەنکەرە و ئەسینا دروستکردووە و هەریەکەیان خۆی بە خاوەنی دادەنێت.

XS
SM
MD
LG