سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری پاکستان ئەنوەرولحەق کاکار ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند لە هێرشێکی چەکداراندا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان 11 کرێکار کوژران.
بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێمی خیبەر پاختونخوا دەڵێن ئامێرێکی گومانلێکراوی تەقینەوە تەقێندراوەتەوە، بارهەڵگرێکی تێکشکاندووە کە کرێکارانی پڕۆژەیەکی دروستکردنی بینای لە وەزیرستان پێبووە، کە دەکەوێتە نزیک سنووری ئەفغانستانەوە.
جێگری کۆمیساری وەزیرستانی باکوور ڕێحان خەتاک وتی " کرێکارەکان لە خاڵێکی چاودێری سوپا کارییان کردووە کە لە قۆناغی دروستکردندایە ... بۆمبێکی چێندراو لە ژێر ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە کە کرێکارانەکانی هەڵگرتبوو".
هیچ گروپێک تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.
هێرشی چەکدارە ئیسلامییەکان لە ساڵی ڕابردووەوە لە پاکستان سەریانهەڵداوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگربەستێکی نێوان تەهریکی تاڵیبانی پاکستان و حکومەتی پاکستان شکستی هێنا.
گروپەکانی دیکەی وەکو ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی چەند هێرشێکییان لە پاکستان گرتووەتە ئەستۆ، لەوانەش، تەقینەوەکەی گردبوونەوەیەکی سیاسیی لە خیبەر پاختونخوا کە مانگی ڕابردوو لەلایەن گروپێکی ئاینییەوە ڕێکخرابوو و بەهۆیەوە 45 کەس گیانییان لە دەستدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز